حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 25 APR 2024 13:44 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی: دەبێت هەموو نەتەوەکانی عێراق مافەکانیان بەپێی دەستوور پارێزراو بێت

TUE, 5 JUN 2018 14:55 | KRG Cabinet

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 5/6/2018، بەڕیز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پەروەردە، لەهەولێر، پێشوازی کرد لە بەڕێز لۆرۆن ڤۆقیز سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی ئۆڤێرن رۆن ئاڵپسی فرەنسا وشاندی یاوەری.

لە کۆبونەوەکەدا، باس لە ڕەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق و گوزەرانی نەتەوە و پێکهاتە جیاجیاکان و پێکەوە ژیان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و فەڕەنسا کرا.

سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی ئۆڤێرن رۆن ئاڵپسی فرەنسا، لە بارودۆخی نەتەوەو پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی پرسی و چۆنیەتی گوزەرانی نەتەوە جیاجیاکان لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ئاوارەکان. لە وەڵامدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە هەمیشە کوردستان شوێنێکی ئارام بووە بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق بەتایبەت بۆ ئەوانەی لە ترسی تیرۆریستان روویان کردۆتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستمان بە هاوکاری هەموولایەکە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد نەتەوە و پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق بە کوردستانیشەوە، هەموویان هاوڵاتی رەسەنن بێ جیاوازی و خاوەن مافن لەم وڵاتە، بۆیە دەبێت هەموو مافەکانیان بە دەستوور و یاسا پارێزراو بێت، دەبێت هەمووان پێکەوە یەک بن بە پێکهاتەکانی نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی، بۆ ئەوەی وڵاتێکی ئارام و دادپەروەر و پێشکەوتوو بنیات بنێین.

هەروەها سەبارەت بە پرسی پێکەوە ژیان لە کوردستان دووپاتی كردەوە ئێمە لە کوردستان دەبێت هەمیشە پێشەنگ بین لە پێکەوە ژیان و یەکتر قبووڵکردن و بەو یەکبوون ویەکتر قبوڵ کردنە کوردستان بەهێز دەکەین و نمونەیەکی جوان بۆ عێراق و ناوچەکەش درووست دەکەین، بۆیە لامان مەبەستە کەشێکی ئارام هەبێت بۆ ئەوەی پێکەوە ژیان بەهێزتر بکەین لە هەرێمەکەمان".

لە بەرامبەردا، بەڕێز لۆرۆن ڤۆقیز سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی ئۆڤێرن رۆن ئاڵپسی فرەنسا ئاماژەی بەوەدا کە ئاسایش و ئارامی ئەم ناوچەیە بۆ فەڕەنسا و جیهانیش بە گشتی زۆر گرنگە، بۆیە هەموو کات ئامادەین هاوکار بین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پەیوەندی توندوتۆڵمان هەبێت بۆ ئەوەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە زیاتر بنیات بنرێت.

هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش کە هەرگیز ئەو رۆڵە گرنگەی کوردستان لەیاد ناکرێت چ لە شەڕی داعش و چ لەخۆ گرتنی ئاوارەکان.