Kurdistan Regional Government


 

زانیاری بۆ گەشتیاران


پوختەیەک لەسەر شوێنە سەرنجڕاکێشەکان

دوورى نێوان شارەکان

• هەولێر بۆ سلێمانى 170 کیلۆمەترە کە دەکاتە نزیکەى سێ کاتژمێر بە ئوتومبێل.
‌• هەولێر بۆ دهۆک 245 کیلۆمەترە کە  دەکاتە نزیکەی سێ کاتژمێر بە ئوتومبێل.     
• دهۆک بۆ سلێمانى 340 کیلۆمەترە کە دەکاتە نزیکەی سێ کاتژمێر بە ئوتومبێل.     

هەولێر و دەوروبەرى

  • قەڵاى هەولێر مێژووەکەى دەگەرێتەوە بۆ 6000 پ.ز وسەرچاوەى چۆنیەتى دروستبوونى سنوورى شارى هەولێری دیاریکردووە. هەولێر بە یەکێک لە شارە هەرە کۆنەکانى جیهان هەژمار دەکرێت کە تا ئێستا ژیانى تێدا بەردەوامە.
  • پارکى شەهید سامى عبدالرحمن پارکێکى شارەوانى گەورەیە کە لە شوێنى معەسکەرى کۆنى ڕژێمى بەعس بنیاتنراوە.
  • بازاڕى قەیسەرى بازاڕێکى کۆنى شارى هەولێرە کە کەلوپەلى نێو ماڵ، خواردن، کارى چنین و زێڕ و کەلوپەلى کۆنى لێدەفرۆشرێت.
  • منارەى شێخى چۆلى کە دەکەوێتە بەشى رۆژئاواى هەولێر لە لایەن سوڵتان موزەفەرەددینەوە بنیاتنراوە و مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى سەردەمى ئیسلامی. ئەو منارەیە بۆتە خاڵى سەرەکى پارکى منارە کە بەم دواییانە بەرفراوانکرا.   
  • قەڵاى خانزاد لەسەر ڕێگاى نێوان هەولێر و شەقڵاوە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى میرنشینى سۆران، ئەو کاتانەى کە کوردستان لە لایەن ژمارەیەک لە میرنشینیەوە حوکم دەکرا.
  • مەزارى ڕەبەن بۆیا لە تولەڕێیەکى چیایى سەرکەوتنى یەک کاتژمێریەوە بۆى دەچیت. لەوێ دوو ژوورى بەرزى گەورەى لەشێوەى ئەشکەوتی هەڵکەنراو هەیە کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى چوارەمى زاینى.
  • هاوینەهەوارى شەقڵاوە بە دوورى 51 کیلۆمەترەوە دەکەوێتە باکوورى شارى هەولێر، کە شوێنێکى گەشتیارى باوى پشووى هەفتانە و هاوینانەیە لەگەڵ بوونى بازاڕێکى جوانى بەرهەمى خۆراکى تازەدا.
  • تاڤگەی گەلى عەلى بەگ 130 کیلۆمەتر لە شارى هەولێرەوە دوورە، شوێنێکى باوە بۆ خۆش بەسەربردن لە سەیراندا.
  • ‌تاڤگەى بێخاڵ هەوارگەیەکى ترى بچووکى گەشتیارى ئاوییە کە 140 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە.      
  • هەوارگەى پانک لە چەند بەشێک پێکدێت لەوانە چەند ڤێلایەکى بچووکى گەشتیارى لە پاڕکێکدا لەگەڵ شارى یاری و چەند شوێنێکى ترى کات بەسەربردن. ئەم هەوارگەیەش کەوتۆتە نێو سروشتێکى جوانى چیا.
  • هەوارگەى خلیسکانى سەر بەفرى چیاى کۆڕەک و تەلەفریکى کۆڕەک کە یەکەم هەوارگەیە ئەم جۆرە یاریە بەفرینانەو پێویستییە سەردەمیەکانەی لە چیاکانى کوردستان بەخۆوەبگرێت.

دهۆک و دەوروبەرى  

  • کەنیسەى مار ئیث لاها  دەکەوێتە رۆژئاواى دهۆک و بە یەکێک لە کۆنترین کەنیسەکانى هەرێم دادەنرێت و مێژووەکەى دەگەرێتەوە بۆ ساڵى 500ی زاینی.
  • ئامێدى لە دوورى 90 کیلۆمەترەوە دەکەوێتە باکورى رۆژهەڵاتى دهۆک، مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى ئاشووریەکان و دواتریش میرنشینێک بووە. منارەى ئامێدى 30 مەتر بەرزە  ودیمەنێکى جوان دەبەخشێت لەسەر لوتکەى چیاکان و دۆڵەکانى ئەو دەوروبەرەوە.
  • قەڵاى ئامێدى کەوتۆتە بەشى رۆژهەڵاتى شارى ئامێدى.

سلێمانى و دەوروبەرى

  • مۆزەخانەى سلێمانى دەکەوێتە شەقامى سالم و کەلوپەلى خۆماڵی لەخۆ گۆتووە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا. ئەم مۆزەخانەیە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین مۆزەخانەکانى هەرێم دادەنرێت.
  • مۆزەخانەى ئەمنە سوورەکە شوێنێکى بەندکردن و ئەشکەنجەدان بوو لە سەردەمى ڕژێمى بەعس، لەوێدا ئەوە دەبینرێت چۆن زیندانیە سیاسیەکان ژیاون و پرۆسەى شاڵاوى جینۆسایدکردنى کوردەکانى عێڕاق چۆن بووە.
  • هەوارگەی  دەریاچەى دۆکان بە دوورى 70 کیلۆمەترەوە دەکەوێتە رۆژئاواى سلێمانى کە چەند هۆتێل و چێشتخانە و کەپرى گەشتیاری تێدایە.
  • بەنداوى دەربەندیخان بەدوورى 65 کیلۆمەترەوە کەوتۆتە باشوورى رۆژهەڵاتى شارى سلێمانى و چەند خانووێکى بچووکى گەشتیارى و چێشتخانەی تێدایە.
  •  هاوینەهەوارى ئەحمەداوا بە کانى و تاڤگە و باخەکانى ناسراوە، لەنێو خەڵکى ناوچەکە و گەشتیارانیشدا بە هەوارگەیەکى بەناوبانگى دڵڕفێن لە وەرزى هاوین ناسراوە. 


ناوچەکانى دەرەوەى شارەکان

هەرێمى کوردستان ناوچەیەکى نموونەییە بۆ ئەوانەى بەدواى سروشتێکى جوانى دەستکارى نەکراوى چیاکان و شوێنە شوێنەواریە کۆنە دوورەدەستەکانى خەڵک دەگەڕێن. لەماوەى هاوینى درێژ و گەرمى هەرێمى کوردستاندا خەڵکى کوردستان و گەشتیاران دەتوانن چێژ لە هەوای فێنکى سەیرانگەکانى قەدپاڵى گردەکانى هەرێمەدا وەربگرن.

شارۆچکەى شەقڵاوە نزیکەى 50 کیلۆمەتر لە هەولێرى پایتەختەوە دوورە ودەکەوێتە دامێنى چیاى سەفین کە نزیکەى 2000 مەتر بەرزە. شەقڵاوە چەندین ڕەز و باخى میوە و بازاڕێکى خۆراک و هەروەها چێشتخانە و هۆتێل تێدایە. لە قوڵایى چیاکان و دۆڵەکان، گەلى عەلى بەگ و تاڤگەى بێخاڵ و سەرچاوەى ئاوى جوندیان دیمەنێکى جوان دەبەخشن کە زۆر سەیرانگەو چێشتخانەیان لێیە.     

دۆڵە قوڵەکەی گەلى عەلى بەگ، لەڕێگاى بەناوبانگى هامیڵتۆنەوە، بەنێو چەندین شوێنى دڵڕفێندا تێپەڕدەبێت. لە کۆتایى ئەو دۆڵەشدا شارۆچکەى ڕەواندز دێت کە کاتى خۆى پایتەختى میرنشینى سۆران بووە تا سەدەى نۆزدەهەم. گەشتیاران دەتوانن لە کەپرە گەشتیاریەکان یاخود خانووە گەشتیاریەکانى هەوارگەى پانک بمێننەوە. ئەم هەوارگەیە چەندین یارى جۆراوجۆرى تێدایە لەگەڵ یارى (شانگلبانە) کە بە سروشتێکى جوانى چیا دەورەدراوە.

لە حاجى ئۆمەران کە بەرزترین چیاکانى کوردستان لەوێدا دەبینرێت. کانیاوى دەرماناوى لێیە کە بەناوبانگە لەنێو خەڵکى ناوچەکەدا و بۆ چارەسەرى نەخۆشى بەکاردێت، بەدرێژایى وەرزى هاوین بەگشتى بەرزاییەکانیشى بەسەوزى دەمێننەوە.    

بەنزیکەى دوورى 70 کیلۆمەترەوە لە سلێمانى، لە پاڵ هەردوو دەریاچەى دڵڕفێنى دۆکان و دەربەندیخان، کابینە یا خانووى بچووک بۆ گەشتیاران دروست کراون کە دەتوانن کاتێکى خۆش بەسەرببەن بە سوارى بەلەمبوون و مەلەکردن. ئەم دەریاچانە دەرەنجامى دروستکردنی سەددى بەرهەم هێنانى ووزەی کارەبان کە چەند دەیەیەک بەر لە ئێستا بنیادنراون. لە ئەحمەداوا، کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتى سلێمانى، کانیاوەکان چەندین تاڤگە دروست دەکەن کە دەورەدراون بە دار گوێز و هەنار و هەنجیر کە سێبەرى ئەمانەش دیمەنێکى جوان دەبەخشن و سەرنجى گەشتیاران ڕادەکێشن.

لە پارێزگاى دهۆک و لە هاوینەهەوارى سۆلاڤدا، چێشتخانە سەر واڵاکان دیمەنێک دەبەخشن کە بە شارۆچکەى دێرینى ئامێدى دەڕوانن. ئەم شارۆچکەیە دەکەوێتە سەر بەرزایى بانێکى فراوانى دوو کیلۆمەتریدا. مسوڵمان و مەسیحیەکان بۆ چەندین سەدە بەیەکەوە لەم شارۆچکە بچووکە ژیاون. لە سەردەمانى پێشووتردا، ماڵ و شوێنى حەوانەوەى کۆمەڵگەیەکى جولەکەش بووە. ئامێدى دیمەنێکى سەرنجڕاکێش دەبەخشێتە کێو و دوڵەکانى دەوروبەرى.


شارەکان

هەولێر و سلێمانى هەریەکەیان مۆزەخانەیەکیان هەیە کە کەلوپەلى کۆنە و پەیکەر و پاشماوە شوێنەوارییەکانى هەرێمى تێدا نمایشکراون. لەکاتێکدا لە مۆزەخانەى کۆنى دهۆک کەلوپەلى فۆلکلۆرى تێدا دەبینرێت.

لەناو قەڵاى دێرینى هەولێر لە مۆزەخانەى چنینى کوردیدا، ڕایەخى کۆن و بەرهەمى ترى چنین دەبینرێت. ئەو مۆزەخانەیە تەکنیکەکانى چۆنیەتى رستن وچنین لە لایەن هۆزە کۆنەکانەوە پاراستووە و نمایشى دەکات.

قەڵاى هەولێر دیمەنێکی جوان بەسەر شارەکەدا دەبەخشێت. هەولێر مۆزەخانەیەکى ترى شوێنەوارى لێیە. منارەى چۆلى دەکەوێتە نزیک سەنتەرى شارەوە کە لە لایەن سوڵتان موزەفەرەددینەوە دروست کراوەو بە دەستنووسى کوفى لەسەرى هەڵکەنراوە. پارکى سامى عبدالرحمن، کە رووبەرەکەی چەندین دۆنەمە، شوێنێکى نموونەییە بۆ کات بەسەربردن و چێژ وەرگرتن لەناو سەوزایى و ئارامى و بێدەنگى بێئەوەى پێویست بکات بچیتە دەرەوەى شار.

سلێمانى، پایتەختى کەلتوری، بازاڕێکى کۆنى قەڵەباڵغى هەیە لەگەڵ بازاڕێکى گەورەى زێڕینگران و سەنتەرێکى یارى بۆڵینگ. لە پاڕکى گەورەى ئازادیدا منداڵان دەتوانن یارى لە یاریگا بچووکە دروستکراوەکەى منداڵان و مەلەوانگە و دەریاچە دەستکردەکان بکەن. باخچەى گشتى ناوەڕاستى شاریش پەیکەرى کۆمەڵێک شاعیر و نووسەرى تێدا دەبینرێت.   

هەولێر کرا بە پایتەختى گەشتیارى عەرەبى بۆ ساڵى 2014 لە لایەن ئەنجوومەنى گەشتیارى عەرەبیەوە. لە بەرنامەدایە ئەم شارە لە ساڵى 2014 بەلایەنى کەمەوە 40 بۆنە و چالاکى جۆراوجۆرى تیادا ئەنجام بدرێت لە خۆهەڵدان، لە بۆشایى ئاسمان و خلیسکانى سەر بەفر و ماراسۆنەوە تا دەگاتە نمایشکرنى هونەر و کەلتورى کوردى. سێ شارەکەى هەرێمى کوردستان زۆر بەخێرایى لە گەشەسەندندان. ئێستادا مۆڵى هاوچەرخی تێدایە بۆ ئەو خەڵکانەى بەدوای کەلوپەلەکانى مارکە نێودەوڵتیەکانیشن دەگەڕێن یا دەیانەوێ بچنە قاوەخانەکان کە ئینتەرنێتیش پێشکەش بە زەبونەکان دەکەن.   

ئاسایشى هەرێم

باری ئاسایشى هەرێمى کوردستان زۆر جیاوازە لە ناوچەکانى ترى عیراق. پاسەوانى فەرمى هەرێم، هێزەکانى پێشمەرگە، زۆر باش ڕاهێنراون و ئەزمووندارن لە دابینکردنى ئاسایش و ئارامى لە هەرێمی کوردستان. هێزەکانی ئاسایش لە نزیکەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە کار دەکەن بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە ناوچەکە لە دژى هەر هەڕەشەیەک. بۆ بەدەستهێنان وراگرتنی ئاستی سەقامگیری و ئارامى لە هەرێمی کوردستاندا، چەند بازگەیەک لە سنوورەکان و دەوروبەرى شارەکان داندراون.


گەشتە ئاسمانیەکان بۆ هەرێمى کوردستان

هەرێمى کوردستان دوو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەیە ئەوانیش فڕۆکەخانەى هەولێرى نێودەوڵەتى و فڕۆکەخانەى سلێمانى نێودەوڵەتین. فڕۆکەخانەیەکى ترى نێودەوڵەتى لە دهۆک لە دروستکردن دایە. زۆربەى گەشتەکانی کە لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە دەستەوە دەفڕن ڕاستەوخۆ دێن بۆ کوردستان بێئەوەى بە بەغدا تێپەڕبن. زۆر لە فڕۆکەی کۆمپانییا گواستنەوە ئاسمانیە نێودەوڵەتیەکان، IATA، دەستیان بە گەشتەکانیان کردووە بۆ کوردستان، زۆرانى تریش چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا دەست بە گەشتەکانیان بکەن. زۆر لە کۆمپانیاکانى بەکرێدانى فڕۆکە گەشتەکانیان بۆ هەولێر یا سلێمانى دەستپێکردووە. زانیارى زیاتر لەبارەى هەردوو فڕۆکەخانەکەى هەولێر و سلێمانى لەسەر ماڵپەرەکانیانەوە دەست دەکەوێت لە:


ڕێگاى وشکانى بۆ هەرێمى کوردستان

هاتنەژوورەوە بە رێگای وشکانى بۆ هەرێمى کوردستان لەرێگەى تورکیاوە ئاساییە. ڕێگاى پێشنیارکراو بریتیە لە گەشتکردن لەڕێگەى فڕۆکەخانەى ئەتاتورکى ئەستەمبوڵ پاشان بە گەشتێکى دوو کاتژمێرى ناوخۆیى بۆ دیاربەکر. (ڤیزاى تورکى لەگەڵ گەیشتنت بە فڕۆکەخانەى ئەستەمبوڵ دەتوانیت وەرى بگریت. جانتاى سەفەر ڕەنگە پێویست بکات لە تێرمیناڵى نێودەوڵەتى یا ناوخۆیى وەربگیرێتەوە.) لە فڕۆکەخانەى دیاربەکر دەتوانرێ تاکسى بەکرێ بگیرێت بۆ گەیشتن بە سنوورى ئیبراهیم خەلیل. زۆر لەو شوفێر تەکسیانە شارەزاى ئەو گەشتەن. باشترە هەر لە سەرەتادا کرێى گەشتەکە لەگەڵ شوفێر تاکسیەکە یەکلا بکەیتەوە کە 150 دۆلارى ئەمریکیە، وە ئەوەش تەئکید بکەرەوە کە دۆکیومێنتى پێویستى پێیە بۆئەوەى بتوانێ گەشتیار تا سنوور بگەیەنێ. لەبەر ماوەى گەشتەکە، وا باشترە گەشتیار لە بەرەبەیاندا گەشتەکەی دەست پێبکات، بۆیە ئەگەر پێویستى کرد شەو لە دیاربەکر بمێنتەوە. دواى بڕینى سنوورى ئیبراهیم خەلیل، تاکسییێکى تر دەتوانێ گەشتیار بگەیەنێ بە شوێنى مەبەست لە هەرێمى کوردستان. ماوەى گەشتى نێوان دیاربەکر و سنوور نزیکەی چوار کاتژمێر دەبێت، وە لەوێشەوە بۆ دهۆک کاتژمێرێک ونیوە، بۆ هەولێر چوار کاتژمێرەو بۆ سلێمانى شەش کاتژمێر دەبێت. ڕێگاى ترى جێگرەوە جگە لەمە هەیە، ئەویش لەڕێگەى ئێران و سوریاوەیە بەڵام ئەوانە کەمتر گەشتى پێدادەکرێن.    


دراوەکان

نرخى دراوەکان لە بەروارى 10ی ئادار/مارسی 2014 بەم شێوەیە بووە:
یەک دۆلارى ئەمریکى = 1.162 دینار
یەک یۆڕۆ = 1.612 دینار
یەک پاوەندى بەریتانى = 1.942 دینار


خزمەتگوزاری پۆستە و گواستنەوە

پۆستە و نامە نێودەوڵەتیەکان دەتوانرێ بە پۆستەى ئاسایى بۆ کوردستان و لە کوردستانەوە بنێردرێ، بەڵام گەیشتنى پۆستەکان زیاتر لە کاتى ئاسایى دەخایەنێت. لەبەرئەوەى تازە کۆدى پۆستە بۆ هەرێمى کوردستان دانراوە، گرنگە ژمارە تەلەفۆنى ئەو کەسەى پۆستەکە وەردەگرێت بینووسیت لەسەرى. نوسینگەی پۆستەى هەولێر نزیکە لە قەڵا، دەکەوێتە نزیک باڵەخانەى کۆنى دادگا. بۆ خزمەتگوزارى گواستنەوەى ئاسمانى بۆ کوردستان و لە کوردستانەوە Fedex و DHL و TNT  ئەو خزمەتگوزاریە پێشکەشدەکەن. تکایە پەیوەندیان پێوە بکە بۆ زانیارى زیاتر.

پشووە فەرمیەکان

لیستێک لە پشووە فەرمیەکان و بەروارە گرنگەکان لێرەدا لەبەردەست دایە.