Kurdistan Regional Government


 

قوباد تاڵەبانی: بەهێزکردنی هەماهەنگی یونایتد و راهێنانی لێکۆڵەری دادی و دادوەرانی هەرێم پێویستە

 

به‌ڕێز جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێز کەریم خان یاریدەدەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆکی تیمی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش، گرنگیدا بە بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و UNITAD.

ئەمڕۆ یەكشەممە 23 حوزەیرانی 2019 ، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازی کرد لە بەڕێز کەریم خان یاریدەدەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆکی تیمی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش و بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستخۆشی لەو تیمە کرد و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ هەموو هاوكاری و كار ئاسانییەك بۆ راپەراندنی کارەکانیان.

قوباد تاڵەبانی بە یاریدەدەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاند کە هەرێمی کوردستان هاوکاری تەواوی UNITAD و تیمەکانی دەکات لە پێناو دەستەبەر کردنی سزای شایستە بۆ تاوانبارانی داعش و گەڕاندنەوەی شکۆ و کەرامەت بۆ زیانلێکەوتووانی دەستی تێرۆریستانی داعش.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە بەڕێز کەریم خان کرد کە هاوکاری لێکۆڵەری دادی و دادوەرانی هەرێم بن لە راهێنان بۆ بەڕێوەبردنی کەیسەکانی جینۆساید.

لە هەمان کاتتدا باسیان لە کاریگەرییە دەروونیەکانی جەنگی داعش و کردوەکانی تێرۆریستانی داعش بەسەر زیانلێکەوتووانی ئەم جەنگە کرد، هەردوولا کۆک بوون، کە گرنگی چارەسەری دەروونی قوربانیانی شەڕی داعش هێندەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە گرنگە کە زیانیان لێ کەوتووە.

تیمی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە 21 سێبتەمبەری 2017 بە بڕیاری ژمارە 2379 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بەكۆی دەنگ پێكهێنرا بە مەبەستی لێپێچینەوە لە تاوانەكانی رێكخراوی داعش لە عێراق بەتایبەت ئەوانەی دەچنە خانەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆیی و كۆمەڵكوژییەوە.