Kurdistan Regional Government


 

نێچیرڤان بارزانی و حه‌لبووسی دۆخی سیاسی تاوتوێ ده‌كه‌ن

به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، دۆخی سیاسیی عێراق به‌گشتی و دوایین پێشهاته‌كانی پارێزگای مووسڵیان به‌تایبه‌تی تاوتوێ كرد و جه‌ختیان له‌ گرنگیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان لایه‌ن و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی وڵات بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی داعش كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23/4/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا خاتوو د. ڤالا فه‌رید سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسان ئاماده‌ی بوون، هه‌ردوولا دۆخی ئاواره‌كانی عێراقیان له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌‌ و جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی هاوكاریكردنیان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان و ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كان ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌.

په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، به‌رده‌وامیی گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان له‌ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه،‌ تاوتوێكردنی داۆخی ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌، به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.