Kurdistan Regional Government


 

قوباد تاڵەبانی: جگە لە ڕێککەوتن، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لە وتاری کردنەوەی٢٢یەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە شاری سلێمان، ڕایگەیاند لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت جگە لە ڕێککەوتن هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لە بەردەمدا نییە.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک وه‌زیران لە دەستپێکی وتارەکەیدا سوپاسی بەڕێز مەلا بەختیاری کرد کە لە ماوەی ٢٢ ساڵی رابردوودا بە فێستیڤاڵەکەوە ماندوو بووە و تەنانەت لەکاتی قەیران و ناخۆشییەکانیشدا نەیهێشتووە فێستیڤاڵەکە پەکی بکەوێت.

به‌ڕێزیان باسی لەوەش کرد كه‌ یەکێک لە جوانییەکانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ کردنەوەی دەرگای ڕەخنە و بەخۆداچوونەوەیە کە پێویستە ئەم تایبەتمەندییە لە کایەی کولتووری و ڕۆشنبیرییەوە بگوازرێتەوە بۆ سیاسەت و حکومڕانی و ستایشی پەرەپێدانی کولتووری ڕەخنەگرتن و کرانەوەی بەرپرسیارانەی کرد کە ئامانج لێی بنیاتنان و چاکسازی بێت.

به‌ڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاماژەی بەوەش دا كه‌ سلێمانی وەک پایتەختی ڕۆشنبیری، شایستەی چەندین بۆنە و دیداری لە شێوەی فێستیڤاڵی گەلاوێژە کە بەداخەوە تا ئێستا لەمبارەیەوە مافی وەکخۆی وەرنەگرتووە.

سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمیش، به‌ڕێزیان جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت بە ڕەچاوکردنی شەراکەتی راستەقینە بنەمایەکی بە‌هێز بۆ کابینەی داهاتوو دەستەبەر بکرێت و لەمبارەیەشەوە لایەنەکان جگە لە ڕێککەوتن، هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە.

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغداش ڕایگەیاند كه‌ لەم کابینەی ئێستای بەڕێز عادل عەبدولمەهدی دەرفەت هەیە بە دانووستان کێشەکان چارەسەر بکرێن و بۆ ئەمەش پێویستە کورد سەرەتا لەناو ماڵی خۆیدا کێشەکانی چارەسەر بکات بۆ ئەوەی لە بەغدا بەرچاوڕوونتر و بە هێزێکی زیاترەوە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بکەونە دانوستانەوە.