Kurdistan Regional Government


 

قوباد تاڵەبانی بەدواداچوون بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە دەكات

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد مەنفی پارێزگاری موسەننا سوپاس و دەستخۆشیی تایبەتی لێکرد لەپای سەرپەرشتیكردنی دۆزینەوە و نیشانكردنی گۆڕێكی بەكۆمەڵ لەسنوری بیابانەكانی سه‌ماوه‌ كە بە جلوبەرگ و ئاماژەكاندا لە هی ئەنفالەكانی كوردستان دەچن و ماوەی دوو رۆژە ئاشكرا كراون.


هەروەها دەستپێشخەرییەكەی به‌ڕێزیانی بۆ داگیرساندنی مۆم و ناردنی پەیامی برایەتی بۆ گەلی كورد و قوربانیانی ئەنفال بەرز نرخاند و بە هەڵوێستێكی نیشتمانیی لەقەڵەمدا و بەناوی حكوومەتی هەرێم و كەسوكاری ئەنفالەكان و گەلی كوردستانەوە سوپاسی كرد.

هەر لەپەیوەندییەكەدا به‌ڕێز جێگری سەرۆك وەزیران ڕوونیكردەوە كە لەساتی بیستنی هەواڵەكە لەپەیوەندیدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان تا گۆڕە بەكۆمەڵەكە بە هاوكاریی دەزگای شەهیدانی عێراق و وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی كوردستان بخرێتە بەرنامەی گرنگیدان و ناسینەوە و دیاریكردنی شوناسیان تاكو دواتردا بگەرێنرێنەوە كوردستان و لەمباریه‌وه‌ بەردەوامیی هاوكاریی حكوومەتی خۆجێیی موسەننای بە پێویست و گرنگ زانی و ئاگاداریشی کردەوە کە بڕیارە بۆ هەمان مەبەست سبەی ١٤ی نیسان وەفدێکی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم سەردانی بەغدا بکات.

لەلای خۆیەوە به‌ڕێز پارێزگاری موسەننا سوپاسی بەرێز قوباد تاڵەبانی کرد و ئاماده‌یی هه‌ر هاوكارییه‌كی بۆ دۆزینەوە و گێڕانەوەی ڕوفاتی قوربانیانی کورد ده‌ربڕی و داوای لە حکوومەتی ھەرێم کرد ھاوکاریان بن لەناردنی تیمی پسپۆڕ لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ گەڕان و پشکنین بەدوای گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا له‌ سنووری پارێزگاكه‌یان.