Kurdistan Regional Government


 

نێچیرڤان بارزانی: داھاتووی گه‌لی كوردستان لە وەرگرتنی زانستدایە

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27/3/2019 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێزان د. ڤالا فه‌رید سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و كونسول و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی و ئه‌كادیمی و دكتۆر و مامۆستایانی زانكۆكانی ناوخۆ و بیانی، له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا خه‌ڵاتی دكتۆرای شانازیی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین به‌خشرایه‌ پرۆفیسۆر د. كۆچه‌ر بیركار.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تیایدا جیا له‌ به‌خێرهێنانی میوانانی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ به‌تایبه‌تی د. كۆچه‌ر بیركار، سوپاسی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ‌ د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی كرد بۆ پێشكه‌شكردنی دكتۆرای شانازی به‌ پرۆفیسۆر د. كۆچه‌ر و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ به‌شداریكردن له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا‌ بۆ دوو هۆكار گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌میان بوونی د. کۆچەر له‌ هه‌رێمی كوردستان و دووه‌میشیان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ بواری ژیانی شارستانیی ئـاسایی کە ساڵانێکە بە ھۆی گرژىیه‌كان و ئاڵۆزى و شەڕەوە کەمێک دوور کەوتبوونەوە.

به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد کە تاکە ڕێگەی پێشکەوتنی ھەر گەلێک فێربوونی زانستی سەردەمییانەیه‌، بۆیه‌ ڕایگه‌یاند گەلی کوردستان شانازی بەو کەسایەتییە زانستییانەوە دەکات ئه‌وانه‌ی دەتوانن لە بواری جۆراجۆردا ناوی کوردستان ببەنە پێشەوە و لە ناوخۆشدا ببنە ھاندەری گۆڕانی بیر و ھزری کۆمەڵگە و ئـەمەشی به‌ خەباتێکی گەورە لە پاڵ خەباتی سیاسیدا زانی و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ کوردستان پێشمەرگە و كه‌سى چاونەترسی زۆرە و ئێستا پێویستی بە كه‌سانى لێهاتوو و زاناى بوارەکانی زانستە کە بتوانن پەرە بە بیر و مێشک بدەن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد كه‌ د. کۆچەر خۆی خۆی پێگەیاندووە و تەنیا بنەماڵەکەی پشتیوان و ھاندەری بوون تا گەیشتە ئـەوەی خەڵاتی ناوداری (فیڵدز) لە بواری زانستی ماتماتیکدا بەدەست بھێنێت، ئه‌مه‌شی به‌ وانه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ لاوان زانی تا زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن، چونكه‌ بیانوو و گلەیی ھیچ کەموکوڕییەک چاره‌سه‌ر ناكات و به ‌پێویستی زانی سوود له‌ كات وه‌ربگیرێت.

له‌ به‌رده‌وامیی وته‌كه‌یدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند ھەرێمی کوردستان خاوه‌نی نزیکەی (٣٠) زانکۆ یە کە ده‌ها ھەزار قوتابی و خوێندکار و هه‌زاره‌ها دکتۆر و مامۆستا له‌خۆ ده‌گرن و حکوومەتی ھەرێمى كوردستانیش سەرەڕای ھەموو کەموکوڕییەک كاره‌ له‌پێشینه‌كانی پشتیوانی خوێندن بووه‌ و به‌پ ێویستی زانی قوتابیان و مامۆستایان لەم سەردەمە زێڕینەدا کات بە فیڕۆ نەدەن و زانایەکی وەک "د. کۆچەر بیرکار" بکەن بە نموونەی باڵاى خۆیان کە هه‌نگاوێكى مه‌زنى هه‌ڵنا و گەیشت بە لووتکەیەکی بەرز و هیوای خواست كه‌ بگات بە لووتکەی بەرزتریش.

به‌ پێویستیشی زانی قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان بە سەربەرزییەوە بچنە سەر گۆڕی شاعیرانی وەک حه‌زره‌تى خانى، مامۆستا قانیع، پیرەمێرد و بێکەس کە داوای فێربوونی زانستیان له‌ گه‌له‌كه‌یان ده‌كرد، بچنە بەردەم وێنەی سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌كانى وەک شێخ مەحموود، قازی محەمەد و بارزانیی نه‌مر کە لەپێناو داھاتووی گه‌له‌كه‌یاندا ھەموو قوربانییەکیان به‌خشى، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی بیرهێنایه‌وه‌ كاتێك هه‌رێمی كوردستان لەژێر دوو گەمارۆی ئـابووریدا بوو، حكوومه‌تی هه‌رێم ئـەولەوییەتی دابوو بە زانکۆ و پەیمانگاکان. به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد له‌ سه‌رده‌می پێش ڕاپه‌ڕین گەیشتن بە زانکۆ بۆ زۆر کەس خەونێك بوو، به‌ڵام لە سەردەمی حکوومەتی ھەرێمدا ھەموو ماڵێک پڕ بووه‌ لە قوتابی و دەرچووی زانکۆ، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئامانجى یه‌كه‌م و سه‌ره‌كیى قوتابیان و خوێندكاران به‌ده‌ستهێنانى زانست و زانین بێت نه‌ك ته‌نیا ده‌رچوون له‌ زانكۆ و وه‌رگرتنى بڕوانامه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان داوای له‌ سەرۆکایەتیی زانکۆ حکوومی و ئـەھلییەکان كرد ھەوڵی زیاتر بدەن ھەرێمی کوردستان ببێته‌ نموونەی پێشکەوتنی خوێندن و زانست، چونكه‌ خەباتی ڕاستەقینە و بەدیھاتنی خەونی باوک و باپیران تەنیا بە سووربوون و ماندووبوونی ئه‌وان لە پێناو فێربوون و زانستدا دێتە دی.

به‌ڕێزیان ئاشكراشی كرد كه‌ لە ڕابردووی کۆندا، شان بە شانی سەرکردەی سیاسیی مەزن و ناودار، گەلێک زانا و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندی گەورەش لەناو گەلی كورددا ھەڵکەوتوون و ناوی سه‌دانیان له‌ناو ئه‌و لاپه‌ڕه‌ مێژووییانه‌ی زانست و كولتووریدا هه‌یه‌ كه‌ به‌ زمانه‌كانی عەرەبی و فارسی و تورکی نووسراون و ئه‌مه‌شی به‌ بەشێک لە مێژووی ھاوبەشی گه‌لی كورد و گه‌لانی ده‌وروبه‌ر زانی كه‌ ئه‌و كات کوردستان خاوەنی ھیچ پێناسەیەکی سەربەخۆ نەبوو، بۆیه‌ بەرھەمی زانا و بلیمه‌ته‌كانى كورد بێكه‌س دەمانەوە و دەکەوتنە لای گه‌لانی دیكه‌، به‌ڵام ئـێستا کوردستان خاوەن و پێناسەی خۆی ھەیە و لە ڕیزی گەلاندایه‌ و لە داھاتووشدا دەبێته‌ خاوەنی پێناسەی گەورەتر و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئـەم ئـەرکە ھەر سیاسەت نایکات و ھەر پێشمەرگەش شانی ناداتە بەر، به‌ڵكو‌ زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانی کوردستان گۆڕەپانی پێشبڕكێى ژیار و شارستانیەتی سەردەم بەڕێوە دەبەن.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى ڕاشیگه‌یاند كه‌ له‌به‌ر ئه‌م سه‌رنجانه‌ بوو ویستوویه‌تی به‌شداری له‌م بۆنه‌یه‌دا بكات و‌ پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان كرد کە ڕۆڵەی وەک پرۆفیسۆر د. کۆچەر بیرکاری پێگەیاندووە كه‌ ھەموو تاکێکی کوردستان شانازی پێوه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها پیرۆزباییه‌كی گه‌رمی ئاراسته‌ی د. کۆچەر كرد بۆ ھەموو دەسکەوتە زانستییەکانی ڕابردووی و ئـەو خەڵاتە بەرزانەی بەدەستی ھێناون كه‌ به ‌هۆیه‌وه‌ خزمه‌تێكى گه‌وره‌ى به‌ گه‌ل و وڵاته‌كه‌ى كردووه‌. پیرۆزبایی و دەسخۆشی لە بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كه‌یان كرد کە ئـەم شانازییە گەورەیەی بە دیاری داوە بە نیشتمان و وته‌یه‌كی سه‌رۆكى پێشووترى ئه‌مه‌ریكا جۆن كه‌نه‌دى بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت "مه‌پرسه‌ وڵاته‌كه‌ت ده‌توانێ چیت بۆ بكات، بپرسه‌ خۆت ده‌توانى چى بۆ وڵاته‌كه‌ت بكه‌یت؟".

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان كرد بۆ ئـەو ھەموو زانکۆ و ئـەم ژمارە گەورانەی قوتابی و دکتۆر و مامۆستایان و به‌ پێشکەوتنێکی مەزنى ناسی، هه‌روه‌ها سوپاسى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و جه‌نابى وه‌زیر به‌ڕێز د. پشتیوان سادق كرد كه‌ هه‌وڵه‌كانیان ده‌ست پێكردووه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بتوانێت له‌ ساڵى 2022ـه‌وه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى نێوده‌وڵه‌تى بۆ خوێندنى ماتماتیك و زانسته‌كان به‌شدار بێت كه‌ هه‌ر چوار ساڵ جارێك ئه‌نجام ده‌درێت و تیایدا ئاستى سیستمى په‌روه‌رده‌یى ده‌رده‌كه‌وێت.

له‌ كۆتاییدا سڵاو و ڕێزی بۆ ھەموو لایەک دووبارە كرده‌وه‌ بەتایبەت سەرۆکایەتیی زانکۆکان و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران و ڕایگه‌یاند كه‌ چاوه‌ڕوانی زۆریان لێده‌كه‌ن و ھیوای خواست ئـەم بۆنەیە و ساڵی تازە دەسپێک بێت بۆ سەردەمێکی تازەی ژیانی گەلی کوردستان کە سەردەمی پێشبڕكێى زانستە.

هیوای سه‌ركه‌وتن و ته‌مه‌ندرێژی بۆ پرۆفیسۆر د. كۆچه‌ر خواست و ڕایگه‌یاند له‌گه‌ڵ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی پێشنیاری ئه‌وه‌یان كردووه‌ له‌ یه‌كێك له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان هۆڵێك به‌ ناوی پرۆفیسۆر د. كۆچه‌ر بیركاره‌وه‌ بكرێت.

ده‌قی وتاری به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:

ئـامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست،
سڵاوتان لێ بێت،
بەخێرھاتنی ھەموو لایەکتان دەکەم، بەتایبەتی بەخێرھاتنێکی گەرمی میوانی ئـازیزمان "د. کۆچەر بیرکار" دەکەم. ھەروەھا دەسخۆشی و سوپاسی زانکۆی سەڵاحەدین و دکتۆر "ئـەحمەد دزەیی" سه‌رۆكى زانكۆ دەکەم کە بڕیاریان دا پلەی دکتۆرای شانازی بە پرۆفیسۆر "د. کۆچەر" ببەخشن. سوپاسیان ده‌كه‌م بۆ ڕێکخستنی ئـەم ڕێوڕەسمه‌ و خۆشحاڵم كه‌ لێرە لەگەڵ ئێوه‌ى به‌ڕێزدا به‌شدارم.

له ‌ڕاستیدا لەبەر دوو ھۆ ھەست بە خۆشحاڵی دەکەم. بێگومان یەکەمیان بوونی پرۆفیسۆر د. کۆچەرە لێرە کە ئـەم بۆنەیە تایبەتە بە جه‌نابیان. دووەم: لەوانەیە کاتی ھاتبێ ئـێمەش ڕایبگەینین کەوا پێویستە ڕوو بکەینەوە بواری ژیانی شارستانییانەی ئـاسایی کە ساڵانێکە بە ھۆی گرژییه‌كان و ئاڵۆزى و شەڕەوە، کەمێک دوور کەوتبووینەوە.

ئـێمە نابێ ھیچ ڕۆژێک ئـەو ڕاستییه‌مان له‌بیر بچێته‌وه‌ کە تاکە ڕێگەی پێشکەوتنی ھەر گەلێک بریتییە لە فێربوونی زانستی سەردەمییانە.  دەبێ لە بیرمان نەچێتەوە کەوا بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگەی ئـێمە، داھاتووی گەش و سەربەرزانە تەنیا لە دەسکەوتنی زانست و لە دەسکەوتی زانستیانەدایە.

گەلی کوردستان لە ھەر شوێنێک بێت شانازی بەو کەسایەتییە زانستیانەوە دەکات کە دەتوانن لە بواری جۆراجۆردا ناوی کوردستان و كورد ببەنە پێشەوە و لە ناوەخۆشدا ببنە ھاندەری گۆڕانی بیر و ھزری کۆمەڵگە. ئـەمە خەباتێکی گەورەیە لە پاڵ خەباتی سیاسیدا. کوردستان پێشمەرگە و كه‌سى چاونەترسی زۆرە، ئـەمڕۆ پێویستیمان بە كه‌سانى لێهاتوو و زاناى بوارەکانی زانستە کە بتوانن پەرە بە بیر و مێشکی مرۆڤ بدەن.

ئـێمە دەزانین د. کۆچەر خۆی خۆی پێگەیاندووە و تەنیا بنەماڵەکەی پشتیوان و ھاندەری بوون تا گەیشتە ئـەوەی کە خەڵاتی ناوداری (فیڵدز) لە بواری زانستی ماتماتیکدا بەدەست بھێنێت.  ئـەمە هـه‌ر بۆ خۆی وانه‌یه‌كى تره‌ بۆ لاوان کە دەبێ زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن. بیانوو یان گلەیی، چارەسەری ھیچ کەموکوڕییەک ناکات.  تەمەن دەڕوا و مێژوو دەڕوا و دەبێ سوود لە کات وەرگرین.

لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی (٣٠) زانکۆ ھەیە کە (٧٠٠) ھەزار قوتابی و خوێندکار و (هه‌شت هه‌زار) دکتۆر و مامۆستا دەگرنە خۆیان. حکوومەتی ھەرێمى كوردستان سەرەڕای ھەموو کەموکوڕییەکی باری ئـابووری، ھەردەم ئـەولەوییەتی خۆی داوە بە پشتیوانی لە خوێندن.

بێگومان ناڵێین ھیچ کەموکوڕییەک نەبووە و ھەموو شتێک تەواوە و كێشه‌ نییه‌، بەڵام دەڵێین  پێویستە قوتابیان و مامۆستایان لەم سەردەمە زێڕینەی مێژووی کوردستاندا کات بە فیڕۆ نەدەن. دەبێ لە پێناوی فێربووندا شه‌و و ڕۆژ بخه‌نه‌ سه‌ر یه‌ك. دەبێ لەمەولا زانایەکی وەک "د. کۆچەر بیرکار" بکەن بە نموونەی باڵاى خۆیان کە هه‌نگاوێكى مه‌زنى هه‌ڵنا و گەیشت بە لووتکەیەکی بەرز. ھیوادارین و دڵنیاشین كه‌ هه‌نگاوی تریش به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕوات.

دەبێ قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان بە سەربەرزییەوە ئه‌مڕۆ بچنە سەر گۆڕی شاعیرانی مه‌زنى وەک حه‌زره‌تى خانى و مامۆستا قانیع و پیرەمێرد و بێکەس کە داوای فێربوونی زانستیان لێدەکردین. ھەروەھا بە سەربەرزییەوە بچینە بەردەم وێنەی سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌كانى وەک شێخ مەحموود و قازی محەمەد و بارزانی کە لەپێناو داھاتووی ئێمەدا ھەموو قوربانییەکیان به‌خشى.

ئـێمە لە حکوومەتی ھەرێمى كوردستان ئـەو سەردەمەی تەنانەت کوردستان لەژێر دوو گەمارۆی ئـابووریشدا بوو ھەر ئـەولەوییەتمان دابوو بە زانکۆ و پەیمانگاکان. لە سەردەمی پێش ئـێمەدا گەیشتن بە زانکۆ بۆ زۆر کەس خەونێك بوو، لە سەردەمی حکوومەتی ھەرێمدا ھەموو ماڵێک پڕ بوو لە قوتابی و دەرچووی زانکۆ.

بەڵام ئـەوەش بزانین لە خوێندندا ئـاستی زانستی گرنگه‌. ئامانجى یه‌كه‌م و سه‌ره‌كیى قوتابیان و خوێندكاران ده‌بێ به‌ده‌ستهێنانى زانست و زانین بێت. ده‌بێ خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن و خۆپڕچه‌ككردن بێت به‌ زانست، نه‌ك ته‌نیا ده‌رچوون له‌ زانكۆ و وه‌رگرتنى بڕوانامه‌.

لەم بۆنەیەدا داوا لە سەرۆکایەتیی زانکۆ حکوومی و ئـەھلییەکان دەکەم کە پێویستە له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌وڵی جددیتر بده‌ن. با ھەرێمی کوردستان ببێته‌ نموونەی پێشکەوتنی خوێندن و زانست. خەباتی ڕاستەقینەی ئـێمە لێرەدایە. بەدیهاتنى خەونی باوک و باپیران تەنیا بە سووربوون و ماندووبوونی ئـێوەیه‌ لە پێناوی فێربوون و زانستدا.

لە ڕابردووی کۆندا، شان بە شانی سەرکردەی سیاسیی مەزن و ناودار، گەلێک زانا و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندی گەورەش لەناو گەله‌كه‌ماندا ھەڵکەوتوون. ئـەگەر سەیری لاپەڕەی مێژووی ئـەو زانست و کولتوورە بکەین کە بە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی نووسراوە، ناوی سەتان لە ڕۆڵەکانی کوردستان دەکەوێتەوە بەرچاومان.

ئـەوە بەشێکە لە مێژووی ھاوبەشی ئـێمە و میللەتانی دەوروبەر کە بێگومان مایەی شانازیی گه‌لی كوردستانه‌، بەڵام ئـەو سەردەمانە کوردستان خاوەنی ھیچ پێناسەیەکی سەربەخۆ نەبوو، لەبەرئـەوە بەرھەمی زانا و بلیمه‌ته‌كانى ئـێمە بێكه‌س دەمانەوە و دەکەوتنە لای میللەتانی تر.

ئـێستا کوردستان خاوەنی ھەیە. ئـێمە پێناسەمان ھەیە و لە ڕیزی گەلانداین. بە دڵنیاییشەوە لە داھاتوودا دەبین بە خاوەنی پێناسەی گەورەتر. ئـەم ئـەرکە ھەر سیاسەت نایکات و ھەر پێشمەرگەش شانی ناداتە بەر. ئـێوە لە زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانی کوردستاندا گۆڕەپانی پێشبڕكێى ژیار و شارستانیەتی سەردەم بەڕێوە دەبەن.

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

لەبەر ئـەم چه‌ند سه‌رنجانه‌ بوو حەزم کرد لەم بۆنەیەدا بەشداریتان له‌گه‌ڵدا بکەم، وێڕای خۆشحاڵیم بە "د. کۆچەر بیرکار" کە تایبەت بۆ ئـەو ئـێمە ئه‌مڕۆ هه‌موومان لێرە کۆبووینەتەوە. پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم کە ڕۆڵەی وەک پرۆفیسۆر "د. کۆچەر بیرکار"ی پێگەیاندووە. دڵنیام ھەموو تاکێکی کوردستان شانازی بەم ڕۆڵە لێهاتووەی بواری زانستی ماتماتیکەوە دەکات.

پیرۆزباییی گەرمم بۆ د. کۆچەر خۆی ھەیە بۆ ھەموو دەسکەوتە زانستییەکانی ڕابردووی،  ھەروەھا ئـەو خەڵاتە بەرزانەی کە بەدەستی ھێناون. به‌ڕێزیان به‌و ده‌ستكه‌وته‌ زانستیانه‌ى به‌ده‌ستى هێناون، خزمه‌تێكى گه‌وره‌ى به‌ گه‌ل و وڵاته‌كه‌ى و جیهان كردووه‌.

هه‌ر لێره‌شدا ده‌مه‌وێ وته‌یه‌كى سه‌رۆكى پێشووترى ئه‌مه‌ریكا جۆن كه‌نه‌دى به‌بیر بهێنمه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ:
مه‌پرسه‌ وڵاته‌كه‌ت ده‌توانێ چیت بۆ بكات، بپرسه‌ خۆت ده‌توانى بۆ وڵاته‌كه‌ت چى بكه‌یت؟.

هیوادارم نموونه‌ی د. كۆچه‌ر زۆر بێت. پیرۆزبایی و دەسخۆشی لە بنەماڵه‌ى به‌ڕێزیان دەکەم کە ئـەم شانازییە گەورەیەی بە دیاری داوە بە نیشتمان. پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم بە بۆنەی ئـەم ھەموو زانکۆ و ئـەم ژمارە گەورانەی قوتابی و دکتۆر و مامۆستایان.

سوپاسى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و جه‌نابى وه‌زیر به‌ڕێز د. پشتیوان سادق ده‌كه‌م كه‌ هه‌وڵه‌كانیان ده‌ست پێكردووه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان بتوانێت له‌ ساڵى 2022ـه‌وه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى نێوده‌وڵه‌تى بۆ خوێندنى ماتماتیك و زانسته‌كان به‌شدار بێت  كه‌ هه‌ر چوار ساڵ جارێك ئه‌نجام ده‌درێت و تیایدا ئاستى سیستمى په‌روه‌رده‌یى ده‌رده‌كه‌وێت.

سڵاو و ڕێزم بۆ ھەموو لایەک دووبارە دەکەمەوە. بەتایبەت سەرۆکایەتیی زانکۆکان و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەران. ھەردەم لە بیرتان بێت کە ئـێمە چاوەڕوانیمان لە ئێوە زۆرە.

وەک پێشتر گوتم، ھیوادارم ئـەم بۆنەیە و ساڵی تازە، دەسپێک بێت بۆ سەردەمێکی تازەی ژیانی گەلی کوردستان کە سەردەمی پێشبڕكێى زانستە. لە بیرمان نەچێت کە داھاتووی ئـێمە لە وەرگرتنی زانستدایە.

دیسان سوپاسی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م بۆ به‌شداریكردن له‌م ڕێوڕه‌سمه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێ قسه‌كانم به‌وه‌ كۆتایى پێبێنم كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاك قوباد باسی ڕێوڕه‌سمى ئه‌مڕۆمان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كه‌ كارێكی زۆر باشیان كردووه‌، هه‌ردووكمان پێشنیاری ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌ زانكۆكانی سه‌ڵاحه‌دین، سلێمانی یان دهۆك یان له‌ هه‌ر شوێنێك، هۆڵێكی تایبه‌ت به‌ ناوی پرۆفیسۆر د. كۆچه‌ر بیركاره‌وه‌ بكرێت و ئه‌مه‌ زۆر باش ده‌بێت.

هیوادارم نمونه‌ی زۆر بێت و ته‌مه‌ندرێژ و سه‌ركه‌وتوو بێت.

زۆر سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌كتان.