Kurdistan Regional Government


 

په‌یامى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ ٨ی مارسدا

له‌ یادى ٨ی مارس، ڕۆژى جیهانیى ئافره‌تاندا، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

٨ی مارس، ڕۆژێکی پرشنگدارە لە یادەوریی مرۆڤایەتیدا، یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە، ڕێزگرتنە لە خەباتی زیاتر لە سەدە و نیوێکی ئافرەتان و یەکسانیخوازان، لەپێناو یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا. لەم یادە  شکۆدارەدا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەین.

مایەی شانازییە کە ئافرەتانی کوردستان هەمیشە بەشدارییەکی کاریگەریان لە بوارە جیاکانی خەبات و تێکۆشاندا هەبووە. خانمان هەمیشە قوربانیى سەرەکیی توندوتیژی، لە سەرووى هەمووشیانەوە توندوتیژییەکانی جەنگ و ئەو کارەساتانه‌ بوون كه‌ بەسەر گەلەکەماندا هاتوون، هەر لە ئەنفال و کیمیابارانەوە تا شاڵاوی نامرۆڤانەی تیرۆریستانی داعش دەرهەق بە خانمانی ئێزدیمان لە شه‌نگال، بەڵام هیچ ڕووداوێکی کارەساتهێن نەیتوانیوە لە شکۆی ئافرەتی کوردستانی و ورەیان بۆ ژیان، خه‌بات و سەرفرازی، کەم بکاتەوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە بە پەرۆشەوە، وەك پرەنسیپێكی چەسپیوی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی لە كەیسی یەكسانی و مافی ئافرەتانی ڕوانیوە. وێڕای هەبوونی  دەستە و دامەزراوەی حكوومیی تایبەت بە ئافرەتان و داكۆكیكار لە مافەكانیان، دۆخێكی لەباریش ڕەخسێنراوە بۆ کار و تێكۆشانی ڕێكخراوە ناحکومییە تایبەتمەندەکانی بواری ژنان و مافەكانیان.

ژنان ڕۆڵێكى سه‌ره‌كییان له‌ كه‌رتى په‌روه‌رده‌وه‌ و پێگه‌یاندنى ڕۆڵه‌كانى ئه‌مڕۆ و داهاتووى گه‌له‌كه‌ماندا هه‌یه‌ و ساڵ به‌ساڵ ڕۆڵیان له‌م كه‌رته‌ گرنگه‌دا زیاد ده‌بێت. بەرزبوونەوەی ڕێژەی خانمانی پەرلەمانتار و خاوەن پۆستە باڵا و گرنگەکان لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاندا، ئاماژەیەکی گرنگی بەهێزبوونی بنەماکانی یەکسانییە، ئامادەبوونی ئافرەتی کوردستانی لە بواری سەرمایەگوزاری و کەرتی تایبەتدا، هەنگاوێکی دیکەی گرنگە بۆ بەشداربوونیان لە کۆمەڵگادا و دەبێ هەوڵەکانیان لەم بوارەدا پشتیوانیی جددی لێ بکرێت و زیاتر پەرەی پێبدرێت.

ئەرکی هەموو کەس و گرووپ و لایەنێکی کوردستانییە، بەتایبەتیش دەستەبژێران، پشتیوانی لە پرسی یەکسانی و چەسپاندنی بنەماکانی بکەن لەپێناو ژیانێکی پڕ بەهای جوانی مرۆڤدۆستانە و کۆمەڵگه‌یەکی لێبووردەی یەکسانیخواز و ئاییندەیەکی گەشدا.

بەرز و شکۆدار بێت ساڵڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان.

سڵاو لە گیانی پیرۆزی ئەو خانمە قارەمانانەی گەلەکەمان كە لەپێناو مافە ڕەواکانی گەل و نیشتماندا گیانیان بەخشی.

سڵاو لە گیانی پیرۆزی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەرفرازی.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
8ى مارسى 2019