Kurdistan Regional Government


 

نێچیرڤان بارزانی پێشوازى له‌ شاندێكی ئه‌مه‌ریكی ده‌كات

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7/3/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد كه‌ لە خاتوو دەنیس ناتاڵی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ململانێكان و سەقامگیری، به‌ڕێزان ئەندرۆ پیك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، جۆی هوود هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، ستیڤن فاگن کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر و ژمارەیەک ڕاوێژکار و بەرپرسان پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا شاندى میوان خۆشحاڵیی خۆیان به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و نه‌به‌ردییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و پێشوازیكردن و پاراستنی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر به‌رز نرخاند و ستایشى پێكه‌وژیان و لێبورده‌ییى نێوان پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانیان كرد، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌ سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌ دیالۆگ كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاى له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی شه‌ڕی داعش و چۆنیه‌تیی بنبڕكردنی هزری توندڕه‌وی و دۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كرد، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و به‌پێی ده‌ستووری عێراق دووپات كرده‌وه‌ و ئاشكرای كرد كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌روپێشچوونی باشیان به‌خۆوه‌ بینیوه‌.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و قۆناغی دوای نه‌مانی داعش و په‌ره‌پێدانی زیاتر په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.