ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 6/2/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر پێشوازی له به‌ڕێز جوسێپێ كۆنتێ سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیتالیا و شاندێكی باڵای یاوه‌ری كرد.
دواتر له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌ی بوو، به‌ڕێز كۆنتێ خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و دیداری به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها نه‌به‌ردیی پێشمه‌رگه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، پاراستنی پێكهاته‌كان بێ جیاوازی، حه‌واندنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ران له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه و پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كانى به‌رز نرخاند و به‌رده‌وامیی هاوكارییه سه‌ربازی و مرۆییه‌كانی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه.
به‌ڕێزیان جه‌ختی له تۆكمه‌كردنی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیتالیا و هه‌رێمی كوردستان له بواره جیاوازه‌كاندا كرده‌وه و گرنگیدانی وڵاته‌كه‌ی به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریكردنی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منی و كۆمه‌ڵێك بواری دیكه كرد.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و هاوكارییه به‌رده‌وامه‌كانی ئیتالیاى له كاته سه‌خته‌كاندا بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی مرۆیی، سه‌ربازی، كه‌لتووری و فه‌رهه‌نگیدا كرد و ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا دا كه به ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ توانرا به‌شێك له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت و دووپاتی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی له حكوومه‌تی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كات و هه‌وڵیش ده‌دات له داهاتوودا ئه‌و كێشانه‌ی ماون له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق چاره‌سه‌ر بكرێن.
به‌ڕیزیان جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه هێشتا مه‌ترسیی داعش ماوه و به پێویستی زانی به میكانزمێكی دیكه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌ترسییه بكرێت و له‌مباره‌یه‌شه‌وه تیشكی خسته سه‌ر ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه باشه‌ی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه و پاڵپشتیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به پێویست زانی. به‌ڕێزیان دووپاتی كرده‌وه كه پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ئه‌م وڵاته‌ن و به ئه‌ركی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زانی هاوكارییان بكات تاكو بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان و ناوچه‌كانیان ئاوه‌دان بكرێنه‌وه.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى پووخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه له شه‌ڕی دژی تیرۆر، دۆخی ئاواره و په‌نابه‌ران، ڕه‌وشی ئابووری، ڕیفۆرمه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم، باشتربوونی باری ئابووریی هه‌رێم، بوونی ده‌رفه‌ت بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی ئیتالی له بواره جیاوازه‌كاندا تا وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن، پێشكه‌ش كرد.
تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به ڕه‌وشی سیاسی و ئه‌منی ناوچه‌كه‌وه، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.