پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 13/12/2018 بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ههرێمی كوردستان بە یاوەری خاتوو شێری تاڵەبانی هاوسەری، لە هەولێر پێشوازی لە خاتوو نادیە موراد چالاكوانی ئێزدی کرد کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە.
له دیدارێكدا بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران، خۆشحاڵیی خۆی بە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە مەزنە لەلایەن کچێکی ئێزدی دەربڕی و پیرۆزبایی لێ کرد و هیوای خواست لە ئەرک و ڕاپەڕاندنی کارەکانی داهاتووی سەرکەوتوو بێت و بە خاتونێکی ئازا و زیرەک وەسفی کرد کە جێی شانازی هەمووانە. ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو خەڵاتە پەیام و هاوسۆزیی جیهان دەردەخات بەرامبەر قوربانیانی تاوانەکانی گروپی تێرۆریستی داعش کە دەرهەق بە هەموو گەلانی عێراق ئەنجامیان داوە.
بهڕێزیان گوتیشی "تێرۆریستانی داعش کردەوەی زۆر قێزهونیان دژی خوشک و برا ئێزیدییەکان و هەموو نەتەوەکانی تری عێراق ئەنجامداوە، کاولکاری و وێرانکاریشیان زۆر ئەنجامدا، بەڵام لە ئێستادا لە ڕووی سەربازییەوە هەموو ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی داعش بوون ڕزگار کراون و ئەوەی گرنگە ئاسەوارەکانی ئەو گروپە تێرۆریستییە بسڕینەوە و چارەسەری مەعنەوی و ماددی زیانلێکەوتووان و قوربانیان بکرێت."
هەروەها وتی " هیوادارم خاتوو نادیە بتوانێت بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ مەرجەعی باڵای ئاینی ئێزدی، ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان بونەتەوە لە دەرئەنجامی کردەوەکانی داعش چارەسەر بکات".
دواتر خاتوو نادیە، سوپاسی بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیرانی ههرێمی كوردستانی کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە و باسی لەو نەهامەتیانە کرد کە لە سەر دەستی تێرۆریستانی داعش تووشیان بووە و ئاماژەی بە گرنگی و خۆشحاڵیی خۆی لە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ نیشاندا، ههروهها ئاشكرای كرد كه ئەرکی نوێی ئەوەیە بۆ لەمەولا چۆن پەیام و ئازارەکانی یەزیدیەکان و قوربانیانی داعش بگەیەنێت بە جیهانی دەرەوە، كوتی "بۆ ڕاپەراندنی ئەرکەکانمان پێویستیمان بە هاوکاریی هەموو لایەکە".
لە کۆتاییدا بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران، دیارییەکی پێشکەس بە خاتوو نادیە موراد کرد.
نادیه موراد له گوندێكی نزیك شهنگال، لەلایهن چهكدارانی داعشهوه رفێندرا و بۆ ماوهی سێ مانگ لەژێر دەستی ئەو گرووپە تێرۆریستیە بوو و دواتر توانی ههڵبێت و خۆی دەرباز بکات. هەروەها له 100 كاریگهرترین كهسایهتییهكانی ساڵی 2016 دهستنیشان كرا لهلایهن گۆڤاری تایمی ئهمهریكییهوه.