Kurdistan Regional Government


 

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كۆبوونه‌وه‌

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27/11/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

له‌ دیدارێكدا باس له‌ پێشهاته‌ ئه‌منی و سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌، بارودۆخی عێراق، پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق و به‌شداری و پشتگیریی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ حكوومه‌تی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی كرا.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران پشتگیریی هه‌رێمی كوردستانی له‌ به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی دووپات كرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا‌ و سه‌قامگیری و ئارامی له‌ عێراق و باشبوونی ڕه‌وشی ئابووریی عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌گشتی.

تاوتوێكردنی گفتوگۆی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ دۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.