ئەمڕۆ یهكشهممه 25/11/2018، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وهزیرانی ههرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی فەرەنسا بەسەرۆکایەتی خاتوو ماریێل دو سارنێز سهرۆكی لیژنهی پهیوهندییهكانی دهرهوه و بهرگری پهرلهمانی فهرهنسا و كلۆد گۆزاگن و خاتوو دێلفن ئۆ، ئهندامانی لیژنهكه و بڕۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فهرهنسا له عێراق و دۆمنیك ماس كونسولی فهرهنسا له ههرێمی كوردستان كرد.
له كۆبوونهوهكهدا بەڕێز قوباد تاڵەبانی سوپاس و ستایشی گەل و حکوومەتی فەرەنسای کرد کە هەمیشە پاڵپشت و هەماهەنگ بوون لەگەڵ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ههروهها ئاماژەی بە هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا کرد کە ساڵی ڕابردوو کاتێک هەرێمی کوردستان بە ڕەوشێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەری، پاڵپشتی خۆی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربری.
دواتر شاندی میوان لە ڕەوشی هەرێمی کوردستان و عێراقییان پرسییەوە، لە بەرامبەردا بهڕێز جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا حکوومەتێکی نوێ لە عێراق درووست بووە بەسەرۆکایەتی عادل عەبدلمەهدی کە کەسایەتییەکی گونجاو و باشە، بە هێوای ئەوەین کە بتوانین کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن. ئاماژەی بەوەش دا کە هێشتا گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم وەک پێویست دەستی پێنەکردووە بۆ ئەوەی هەیکەلی حکوومەتی داهاتوو دەرکەوێت.
بهڕێزیان جەختیشی لهوه کردەوە کە هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق کێشەکانیان هاوبەشن لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە، بەتایبەتی دۆسیەی تیرۆریستانی داعش و گووتی "داعش تەنها بە چەک و بواری سەربازی کۆتایی نایەت و نەهاتووە، پێویستە لە رووی فکر و ئایدۆلۆژیاش کۆتاییان پێ بهێنرێت، دەبێت حوکمڕانی لە عێراق باشتر بکرێت و خزمەتی ناوچە جیاجیاکان بکرێت بێ جیاوازی، ئیدارەدانی حکوومەت ئەگەر باش بێت، ئەوا میللەتیش ئارام دەبێت."
سەبارەت بە ڕەوشی هەرێمی کوردستانیش بەڕێز قوباد تاڵەبانی گووتی "پاش هەڵبژاردن، بە قۆناغێکی هەستیار و ڕاگوزەردا تێدەپەڕین، بەهیوای ئەوەین لایەنە سیاسییەکان زوو بتوانن حکوومەتی نوێ پێک بهێنن و بەردەوامی بدەن بەو چاکسازیانەی کە لە چوار ساڵی رابردوودا دەستمان پێکرد بۆ دەرباز بوون لە قەیرانەکان، بۆ ئەوەی بتوانین باشتر خزمەتی میللەتەکەمان بکەین".
لەتەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا بهڕیز جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە ڕەوشی ئاوارەکانی نێو هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەی ناوەڕاستی عێراق، لە هەرێمی کوردستانن و پێویستان بە هاوکارییە.
لە بەرامبەردا شاندی میوان جەختیان لهوه کردەوە کە ئەوان وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ دەبن لەگەڵ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.