Kurdistan Regional Government


 

یه‌كێتیى ئه‌ورووپا پشتگیرى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 11/9/2018، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێزان كونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌ سیاسییه‌كان و دۆخى هه‌رێمى كوردستان و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ 30ى ئه‌م مانگه‌دا تاوتوێ كرا. كونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى یه‌كیتیى ئه‌ورووپا خۆشحاڵیى خۆیان بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ كاتى دیاریكراوى خۆیدا ده‌ربڕى و هیوایان خواست پرۆسه‌ى ده‌نگدان سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت و پشتگیریى یه‌كێتیى ئه‌ورووپایان بۆ پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژادنه‌كان و په‌ره‌پێدانى ژیانى دیموكراسى له‌ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق و هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى عێراق خرانه‌ به‌ر باس و ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى له‌ پێكهێنانى حكوومه‌ت و پرۆسه‌ى سیاسیى عێراقدا به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م درا. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى و شاندى میوان هاوڕا بوون كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق و پێكهێنانى حكوومه‌تێكى تازه‌ له‌ به‌غدا وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواستى هاووڵاتیانى عێراق بێت له‌ دابینكردنى ئارامى و سه‌قامگیرى و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان و به‌ره‌وپێشبردنى وڵات له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.

په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌رده‌وامیى هاوكارى و هه‌مانگى له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا، تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ و دوایین پێشهاته‌كان به‌گشتى، به‌شێكى دیكه‌ى باسى دیداری نێوان سه‌رۆك وه‌زیران و كونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ هه‌رێمى كوردستان بوو.