Kurdistan Regional Government


 

نێچیرڤان بارزانى و مایك پێنس دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

به‌ڕێز مایك پێنس جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى به‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ كرد.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10/9/2018 ئه‌نجام درا، به‌ڕێزان جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى عێراقیان تاوتوێ كرد و جه‌ختیان له‌ هاوبه‌شیى ستراتیژیى نێوان هه‌رێمى كوردستان و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه‌.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌مه‌ریكا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا هاوكاریى هه‌رێمى كوردستان و عێراقى كردووه‌ و جه‌ختى له‌ په‌ره‌پێدانى زیاترى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنى یه‌كجارى به‌سه‌ر تیرۆردا له‌ هه‌موو عێراق.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌یدا، به‌ڕێز مایك پینس جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا، وێڕاى ستایش و پێزانین بۆ ڕۆڵ و قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا، سوپاسى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى كرد بۆ ئه‌و پێكه‌وژیان و ئازادییه‌ ئایینییه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ كارى هاوبه‌ش و هه‌مانگى كرده‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانى ئاواره و پێكهاته‌ ئایینییه‌كان له‌ عێراق تاكو بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان.