Kurdistan Regional Government


 

قوباد تاڵەبانی پرۆژەی خزمەتی راگەیاند

رۆژی سێشەممە ٢٨/٨/٢٠١٨ لەشاری ھەولێر، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان، پرۆژەی خزمەتی راگەیاند کە ئامانج لێی خزمەتکردنە بەھاووڵاتیان و کەمکردنەوەی رۆتین و دیاریکردن و یەکخستنەوە و باشترکردنی ئەو خزمەتانەیە کە دەگەیەنرێتە ھاووڵاتیان لەھەرێمی کوردستان.

لەو رێورەسمەدا به‌ڕێز جێگری سەرۆک وەزیران وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا رایگەیاند "ئەرکی حکوومەت پاراستن و گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ ھاووڵاتیان و دانیشتوانی کوردستان، ئێمە ھاتوین باسی قۆناغێکی نوێ بکەین لە پەیوەندیی نێوان ھاوڵاتی و حکوومەت، باسی ئەوە دەکەین چۆن پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەری بکەین بە چۆنیەتیی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە ھاووڵاتیان، بەشێوەیەک کە ھاووڵاتیەکانمان ھەست بکەن ئەوان ئەولەویەتن".

هه‌روه‌ها گوتیی "ئەمڕۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەت و خزمەتگوزارییەکی زۆر دەگەیەنێت بە ھاووڵاتی، ھەندێکی بە شێوەیەکی باش و خێرا، ھەندێکییش لە ئاست چاوەڕوانی ئێمە و ھاووڵاتیاندا نییە و بە پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆز و رۆتیناتێکی زۆرەوەیە، ئامانجمان لە بەرنامەی خزمەت باشترکردنی خزمەتگوزارییە باشەکانە، زۆر باشترکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەن کەلەئاستی چاوەڕوانیی خەڵک نین، ئەمڕۆ وەک حکوومەت زیاتر لە٤٢٥ خزمەت دەگەیەنین بەھاووڵاتی، باسی خزمەتە گشتییەکان ناکەم وەک ئاسایش و کارەبا و ئاو، باسی ئەو مامەڵانە دەکەم کە لەنێوان ھاووڵات و حکوومەت ھەیە لەدامەزراوەکانی حکوومەتدا، سوپاس و پێزانینێکی تایبەتم ھەیە بۆ ھەموو وەزیرە بەڕێزەکان و وەزارەتەکان و کارمەندەکانیان کە توانیویانە ھەڵسەنگاندنی یەکە بەیەکەی ئەو خزمەتگوزارییانە بکەن کە دەیگەیەنن بە ھاووڵاتیان، ھەموو ئەو خزمەتانە کۆکراونەتەوە و شیکراونەتەوە، پۆلێن کراون بە جۆری خزمەت و شوێنی خزمەت و چۆنیەتیی گەیاندنی خزمەتەکە".

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ئەم پۆرتاڵە بۆتە شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی ھەموو ئەو خزمەتانە، بەم ھەنگاوە حکوومەت شەفافیەتی زیاتر دەگەیەنێت بە ھاووڵاتیان لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی کارەکانی و چۆنیەتیی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی، چ خزمەتگوزارییەک دەگەیەنێت و چۆن و لەکوێ دەیگەیەنێت و چەند ڕۆژ دەخایەنێت و چەند ھەنگاوی دەوێت تا خزمەتێک یان مامەڵەیەکی ھاووڵاتی لەیەکێک لە فەرمانگەکانی حکوومەت جێبەجێ دەکرێت، چەند بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتی تر پەیوەندییدارن بەو خزمەتەی ھاووڵاتی ھەوڵی بۆ دەدات، چەندی تێ دەچێت، چ بەڵگەنامەیەکی پێویستە.

لەبارەی ڕاگەیاندنی پرۆژەکەوە، به‌رێز قوباد تاڵەبانی گوتی "ئەرکی سەرشانی ئێمەیە ئەم خزمەت و خزمەتگوزارییە ڕوون بکەینەوە بۆ ھاووڵاتیان، یەکەم قۆناغی بەرنامەی خزمەت، ڕاگەیاندنی بەرنامەی خزمەتەکانە، قۆناغی دووەم بریتی دەبێ لە کەمکردنەوەی ئەو ڕۆتیناتەی کە ھەیە لە جێبەجێکردنی داواکاری و خزمەتگوزارییەکاندا کە دەگەیەنرێت بەھاوڵاتیان".

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی لە درێژەی ووتەکانیدا ئەوەی دووپاتکردەوە کە "ئەرکی سەرشانی ئێمە و ئەولەویەتی حکوومەتەکەمانە نەک تەنھا بەخەڵکی بڵێین چ خزمەتێک دەگەیەنین و لە کوێ و بەچەند دەیگەیەنین، ئەرکی حکوومەت و بڕیاری حکوومەتە ئاسانی بکەینەوە بۆ ھاووڵاتی، ھەنگاوەکانی کەم بکەینەوە، ڕۆژی تێچووی خزمەتەکە کەم بکەینەوە، ئەگەر پێویستیشی کرد دەبێ پیاچوونەوە بکەین بەتێچووی خزمەتەکە و یەکی بخەینەوە، چونکە لە کۆکردنەوەی ئەم زانیاریانە بۆمان دەرکەوت لە سلێمانی بەشێوەیەک خزمەت دەگەیەنرێت بەھاووڵاتی، لەدھۆک بەشێوەیەکی تر، بۆیە خۆشبەختانە پێش ئەوەی دەست بکەین بەو چاکسازییەی بەنیازین رایبگەیەنین، لە پرۆسەی کۆکردنەوەی ئەم خزمەتانە بۆمان دەرکەوت کە گرفتی ڕوون ھەیە و سوپاسی وەزیر و وەزارەتەکان دەکەم کە خۆیان پێش ئەوەی بگەینە ئەم قۆناغە، ھەنگاوەکان و تێچوەکانیان یەکخستەوە. قۆناغی سێیەمی بەرنامەی خزمەت، بریتییە لەوەی کە نەک تەنیا ئەم خزمەتانە شەفافتر بکەین و ڕۆتیناتیان کەمتر بکەینەوە، بەڵام دڵنیابین لەوەی کەئەم خزمەتانە لەئاستێکی بەرزدا دەگەیەنرێت بە ھاووڵاتی، ھەستێکی لا دروست دەبێ کاتێ دەچێتە بەڕێوەبەرایەتیەک، کە بە فیعلی ھەست بکات ئەم حکوومەتە لەخزمەتی ئەودایە، کە بەڕێوەبەرەکە خزمەتکاریی ئەوە نەک بەرپرس و لێپرسراوی ئەو، ئەمەش بەشێکی پەیوەندیدارە بە شێوازی مامەڵەکردنی کارمەندانی حکوومەت لەگەڵ ھاووڵاتیان، رێک و پێکی بیناکانی دام و دەزگاکانی حکوومەت، ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لە بیناکاندا ھەن لە خزمەتی ھاووڵاتیاندا بێت، من دەستخۆشی لەو وەزارەتانە دەکەم کە توانیویانە سەرەڕای قەیرانی دارایی، خۆیان بەھەنگاوەکانی خۆیاندا بچنەوە و بیناکانیان رێک بخەنەوە".

لەبارەی ھەنگاوی دوای کۆکردنەوەی خزمەتەکان، به‌ڕێز جێگری سەرۆک وەزیران گوتی" ھاوتەریبی ئەم پرۆسەیە، پێداچونەوە دەکرێ بەھەنگاوە پێویستەکان بۆ ئەنجامدانی ئەم خزمەتگوزارییانە، کە خۆی داخڵی سیستمێکی ئەلکترۆنی کرا، ئاسانکارییە بۆ ئێمە کە لە ڕۆژگارێکی نزیکدا بتوانین بەشێک لەم خزمەتگوزارییانە بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی بگەیەنینە ھاووڵاتیان، تا بەشێک لەو قەرەباڵغیەی لەسەر بارەگاکانە کەمتری بکەینەوە، ھاووڵاتی بتوانێ لەماڵی خۆیەوە داواکاری پێشکەش بکات یان فۆڕم پڕبکاتەوە، ھەندێ وەزارەت کردویانە بە نمونەش وەزارەتی ناوخۆ و خوێندنی باڵا، دادگای سلێمانی کە توانیویانە سستمی ئیدارەدانی نوسراو و نامە و پرۆسەی ئیدارەی ناو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بکەن بەسستمی ئەلیکترۆنی، ئێستا کاتی ئەوە ھاتوە ھاووڵاتیانیش لەرێی ئینتەرنێتەوە خزمەتگوزارییان پێ بگات، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە بەرەو حکوومەتێکی ئەلکترۆنی و حکوومەتی یەک پەنجەرەیی، کە ئەمە ئەولەویەتی حکوومەتەکەمانە".

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی ئەم ھەنگاوانەشی بەگرنگ وەسفکرد بەرەو حوکمڕانییەکی باشتر لەمڕۆ، و گوتی "ئەمە بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە بۆیە ھەمو وەزارەتەکان بەشدارن و خاوەنی ئەم پرۆسەیەن، ھی تاکە کەس نیە، بەڵکو پرۆژەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ئامانجەکەشی ئەوەیە کە لەپێناوی خزمەتی ھاووڵاتیانی کوردستان بێت، کە ئەم پرۆژەیەش جێبەجێکرا، من دڵنیام ھاووڵاتیان ھەستێکی باشتریان دەبێ بەرامبەر حکوومەتەکەیان، دڵخۆشتر دەبن بەو شێوازی مامەڵەیە، کە ئێمە بتوانین ئەو مامەڵەیە تۆزێک ئاسانتر بکەین بۆیان، دڵنیام کاریگەریی بەرچاوی دەبێ لەسەر ھەڵسەنگاندنی ھاووڵاتی بۆ ئەدای حکوومەت، ئامانجی ئێمە ئەوەیە ھاووڵاتی ھەست بکات کە حکوومەت لەخزمەتی ئەودایە نەک رێنمایی و یاساکان بەکاردەھێنێ بۆ رێگریکردن لەھاووڵاتیان".

دواتر و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەییدا، بەرێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند "دەمەوێ سوپاسی حکوومەتی ئەمریکا بکەم کەبڕێک پارەی باشی تەرخانکردوە بۆ باشترکردن و چاکسازی ئیداری لە عێراق، کە بەشێک لەو پارەیە تەرخانکراوە بۆ ئەم پرۆژەیە تا لەڕووی کەرستە و سیستم و ڕاوێژکارییەوە باشترین پرۆژە و بەرنامە بێت لەپێناوی باشترکردنی ئەو خزمەتانەی کەحکوومەت دەیگەیەنێت بەھاووڵاتیان".

 

لینكی سایتی خزمه‌ت

https://services.gov.krd