Kurdistan Regional Government


 

نێچیرڤان بارزانی و مه‌كگۆرك پرۆسه‌ى سیاسیی عێراق تاتوێ ده‌كه‌ن

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27/8/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز برێت مه‌كگۆرك نوێنه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕی دژی داعش كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێزان دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ستیڤ ڤه‌یگن كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان ئاماده‌ بوون، هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌سه‌ر دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و دیالۆگی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق كرد به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ حكوومه‌تێكی نیشتمانی بێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستانیان له‌و گفتوگۆیانه‌دا به‌رز و گرنگ نرخاند.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كانی شاندی هاوپه‌یمانییه‌ جیاوازه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كه‌ سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌ و بارودۆخ و پێشهاته‌كان و ڕه‌وشی ئاسایشی ناوچه‌كه‌، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.