لە پەراوێزی بهشداریكردنی له کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاسایشی ووزە و کاروباری دەرەوە كه ڕۆژی چوارشەممە 20ی ئازاری 2013 لە بەرلین بهڕێوه چوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وهزیرانی ههرێمی كوردستان، چاوی بە خاتوو ئەنجێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا كهوت.
لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانی پوختەیەکی دەربارەی بارودۆخی ئێستای عێراق پێشکەش بە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کرد و ئاماژەی بهوه دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات لەپێناو یارمەتیدانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپهسێردراوەکان لە ڕێگای دیالۆگ و پشتبەستن بە دەستووری هەمیشەیی عێراقهوه.
دەربارەی بابەتی سامانە سروشتیەکانیش؛ سەرۆک وهزیران ڕایگهیاند کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانن بەیەکەوە ڕۆڵێکی گرنگ لە یارمەتیدانی تورکیا و ئەڵمانیا و ووڵاتانی دیكهی ئەورووپا لە فراوانکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی ووزە و دڵنیابوون لە سەرچاوەیەکی سەقامگیری دابینکردنی ووزە، ببینن.
شایانی باسه سهرهتای ههمان ڕۆژ له کۆنفرانسەكهدا كه گرووپی پارتی دیموکراتی كریستیان لە پەرلەمانی ئهڵمانیا به سهرۆكایهتیی ڕاوێژكاری ئهڵمیانیا خاتوو ئهنجێلا مێركل؛ لە باڵەخانەی رێیخستاگی مێژوویی لە بەرلین سازی كردبوو، نێچیرڤان بارزانی؛ وتهیهكی پێشکەش کرد.
لە وتەکەیدا سەرۆک وەزیران ئاماژهی بهوه دا كه ئەو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوت لە ساڵی 2007ەوە تاکو ئێستا بە دەستی هێناوە؛ بۆ یارمەتیدانی عێراق بووە لە ڕووی زیادکردنی هەناردەی نەوت و داهات. ههروهها ڕایگهیاند كه جەختکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەلمانیا لەسەر ئاسایشی ووزە دەرفەتێک بوو بۆ زیاتر بەهێزکردنی هاوبەشییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.
نێچیرڤان بارزانی ههروهها ڕوونی كردهوه ئەو ڕێژە یەدەگە زۆرەی نەوت و گاز كه لە ساڵی 2007ەوە لە هەرێمی کوردستان دۆزراوەتەوە؛ دەتوانێت یارمەتیی ئەورووپا بدات لە دابینكردنی سەرچاوەی ووزە بۆ داهاتوو. لهمبارهیهشهوه گوتی: "کاتێک حکوومەتی هەرێمی كوردستان توانی پێداویستییەکانی ناوخۆ دابین بکات، ئەو کات وەک هاوبەشێکی جێگای متمانەی هەردوولا، دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەشداری لە دابینکردنی گازی سروشتی بۆ تورکیا و ئەورووپا بکات". ههروهها تیشتی خسته سهر ئهوهی كه حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە جددی کار دەکات بۆ بنیاتنانی هێڵێکی دیكهی گواستنەوەی هەناردەکردن بۆ عێراق.
لهمبارهیهوه نێچیرڤان بارزانی ڕایگهیاند: "دۆزینەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام پێویستە بیر لە چۆنیەتیی گەیاندنی نەوت و گاز بە بازاڕەکانی جیهان بکەینهوه، ئەمەش نەک تەنها بۆ گواستنەوەی بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ گواستنهوهی بەرهەمی ناوچەکانی دیكهی عێراقیش".
سهرۆك وهزیران ههروهها ئاماژهی بهوه دا كه "لەگەڵ ئامادەبوونی هێڵی گواستنەوەی هەناردەکردن لە ساڵی 2019، دەتوانرێت ڕۆژانە زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕێگای دەروازەی ووزەی ههرێمی كوردستانهوه هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت كه ئەمەش هەمووی به مانای زیادبوونی داهاتی عێراقه بە گشتی". هەروەها گوتی "دەرەنجامی فراوانبوونی کەرتی ئابووریی عێراقیش، بەشداری لە سەقامگیری و یەکپارچەیی عێراق دەکات".