|
په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رۆكی هه‌رێمی ده‌ستنیشان كرد و مه‌راسیمی سوێندخواردن بۆ سێشه‌ممه‌ی داهاتوو دواخرا
ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان له دانیشتنی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌دا به‌ڕێز (مه‌سعود بارزانی)یان وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان كرد، به‌ڵام مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستاندا وه‌ك بڕیاربوو ئه‌مڕۆ ئه‌نجام بدرێ، بۆ رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو دواخرا .
دواخستنی دانیشتنی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و به‌ڕێوه‌چوونی مه‌راسیمی سوێندخواردن، په‌یوه‌ندیی به خراپیی كه‌شوهه‌وای شاری به‌غداوه هه‌بوو، كه له سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه گێژه‌ڵوكه و بایه‌كی به‌هێز هه‌ڵی كردووه و رێگه‌ی فڕینی فڕۆكه‌ی ئه‌و میوانانه‌ی نه‌دا بگه‌نه شاری هه‌ولێر .
شایانی باسه ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌رپرسانی حزبی و حكومی له‌شاری به‌غداوه بانگهێشتی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان كرابوون، به‌ڵام وه‌ك له په‌رله‌مانه‌وه راگه‌یه‌ندرا، میوانه‌كان نه‌یانتوانی ئاماده‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ببن .
|