حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 11 NOV 2024 20:59 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

به‌رهه‌می كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رز بووه‌ته‌وه‌

TUE, 9 JUL 2019 12:15 | KRG Cabinet

که‌رتی كشتوكاڵی هه‌رێم له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵ به‌هۆی بارانێكی زۆر وهه‌ندێ هۆکاری وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ كاری كشتوكاڵ وهاتنی كۆمپانیاكان بۆ ناو ئه‌و كه‌رته تا ڕادەیەک بوژانه‌وه‌ی بینیوه. هاوكات له‌گه‌ڵ بوژانه‌وه‌ی ئابووریی كوردستان پاش تێپه‌راندنی قه‌یرانه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردوو، ئەم کەرتە داتوانێ بگات به ئاستێك كه هه‌ندێ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی كشتوكاڵ وئاژه‌ڵداری پێداویستی ناوخۆیی پڕبکاتەوە. هەروەها، چارەسەرکردنی كێشه‌ی پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانیش لە یاسای بودجه‌ی فیدرالی ئەم ساڵ تۆمارکراوە.

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، هێشتا هه‌ندێ ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م كه‌رتی كشتوكاڵ ماون، كه گرنگترینیان كه‌میی بودجه وته‌رخانكردنی زه‌وی كشتوكاڵی بۆ مه‌به‌سته‌كانی دیكه وبەردەوامبوون لە هاورده‌كردنی به‌روبوومی بیانی له‌ كاتی  گه‌یشتنی به‌روبوومی هاوشێوه‌ی ناوخۆییه.

غازی فایه‌ق به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانی ئاو به‌ وه‌كاله‌ت له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، "به‌رهه‌می گه‌نم و جۆ له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵ به هۆی بارانی زۆره‌وه به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی رابردوو به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزده‌بێته‌وه‌ وده‌بێته هانده‌رێك بۆ زیادكردنى ڕووبه‌رى  چاندراو به‌ برنج."

هه‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌دا گوتی، به‌هۆی قه‌یرانی دارایی ژماره‌یه‌كى زۆرى هاوڵاتیان روویان كردۆته‌ كه‌رتى كشتوكاڵى وله‌گه‌ڵ بوونی چه‌ندین كۆمپانیاى تایبه‌ت به‌ كشتوكاڵ، هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ زیادبوونی به‌رهه‌می كشتوكاڵی وئاژه‌ڵداری.

غازی فایه‌ق كه هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پلاندانان وبه‌دواداچوونی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵهدرباره‌ی تەمویلکردنی پرۆژه‌كانی كشتوكاڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ پێشخستن وبه‌رده‌وامبوونى پڕۆژه‌كانى كه‌رتى كشتوكاڵ بڕى  30,520,507,000 سى ملیارو پێنج سه‌دو بیست هه‌زارو پێنج سه‌دو حه‌وت هه‌زار دینار  بۆ ساڵى 2018 بۆ پڕۆژه‌كانى پاڵپشتى كشتوكاڵى ته‌رخانكرد.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پلاندانان وبه‌دواداچوون له‌ باره‌ی زۆربوونی به‌رهه‌می كشتوكاڵ له‌ ساڵی 2019 گوتی، "به‌رهه‌می گه‌نم له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵ پێداویستیی بازاری ناوخۆیی پڕ ده‌كاته‌وه‌ ویه‌كێ له‌و به‌رهه‌مه‌ سه‌ره‌كییانه‌یه‌ كه‌ ده‌توانرێت هه‌نارده‌ بكرێت وله‌ سه‌وزاییه‌كانیش ته‌ماته‌، خیار و  په‌تاته‌ به‌تایبه‌تى له‌ وه‌رزى به‌هه‌مهێناندا پێداویستى  ناوخۆ پر ده‌كه‌نه‌وه‌ وبڕه‌ زیاده‌كه‌شی ده‌توانرێت هه‌نارده‌ بكرێت. له‌ مێوه‌كانیش هه‌نار و ترێ و له‌ ئاژه‌ڵداریش هه‌نگوێن، هێلكه و په‌له‌وه‌ر پێداویستی ناوخۆیی پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌."

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ پلانى ستراتیژیی خۆیدا گرنگییه‌كى تایبه‌تی به‌  توێژینه‌وه‌ ورێنمایى جوتیاران بۆ به‌كارهێنانى شێوازى نوێ وه‌ك به‌كارهێنانى بنه‌تۆى نوێ دراوه.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان به‌ وه‌كاله‌ت سه‌باره‌ت به‌م پرسه گوتی،په‌یڕه‌و كردنى ئامێرى كشتوكاڵى بۆ كێڵان ودروێنه‌، هاندانى جوتیاران بۆ شیكردنه‌وه‌ى خاكه‌كه‌یان به‌مه‌به‌ستى رێكخستنى كردارى په‌ین كردن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌مترین بڕ له‌ په‌ین به‌كار بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى زیانه‌ ته‌ندروستى وژینگه‌یه‌كان، گرنگیدان به‌ به‌كارهێنانى په‌ینى ئۆرگانى، به‌كارهێنانى شێوازى نوێى ئاودان ودروستكردنى خانووى پلاستیكى وساردخانه ‌وبه‌بازاڕكردن، قه‌ڵاچۆكردنى نه‌خۆشى وده‌رده‌كان له‌ ته‌واوی قۆناغه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، گرنگیدان به‌ پڕۆژه‌كانى سامانى ئاژه‌ڵ وئه‌نجامدانى هه‌ڵمه‌ته‌كانى كوتان وقه‌ڵاچۆكردنى نه‌خۆشى ئاژه‌ڵى به‌شێكن له‌ پلانی ستراتیژیی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پلاندانان و به‌دواداچوونی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری جووتیاران و ئاستی یارمه‌تیدانیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ وسه‌رچاوه‌كانى ئاو له‌ ساڵانى (2014-2017) توانیویه‌تى 90 خولى ڕاهێنان بۆ 369 فه‌رمانبه‌رى وه‌زاره‌ت له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ له‌وانه توركیا، لوبنان، ژاپۆن، ئه‌مریكا، مه‌غریب، میسر، فه‌ره‌نسا، ئوردن بكاته‌وه‌.

باج به‌سه‌ر به‌روبوومی هاورده

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به پێی یاساى پاراستن وپێشخستنى به‌رهه‌مى خۆماڵى ژماره‌ چواری ساڵى 2008 بۆ پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆ ومافى به‌كاربه‌ر له‌كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مى ناوخۆ باج به‌سه‌ر به‌روبومى هاورده‌ داده‌نێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پلاندانان  به‌دواداچوون له‌مباره‌وه‌ گوتی، "له‌كاتى جێبه‌جێكردنى سه‌پاندنى باج به‌ به‌رده‌وامى چاودێرى نرخ وبڕ وجۆرى به‌رهه‌م ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى هاوسه‌نگى له‌نێوان پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆ ونرخى بازاڕ هه‌بێت، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ جووتیار وبه‌كاربه‌ر بتوانن سوود له‌ جێبه‌جێكردنى یاساكه‌ وه‌ربگرن."

هه‌ڵبژاردنی جووتیاری نموونه

 وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ساڵانه‌ جوتیارى نمونه‌یى له‌ناو ئه‌و جوتیارانه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ ڕۆلێكى سه‌ره‌كیان له‌ زیادكردنى به‌رهه‌مى رووه‌كى یان ئاژه‌ڵی هه‌بووه.

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ هه‌روه‌ها هانى كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتى كشتوكاڵ به‌تایبه‌تی له پڕۆژه‌كانى پیشه‌سازیی خۆراك وبه‌خێوكردنى مانگاو شیردارى وپڕۆژه‌كانى خانووى پلاستیكى ودروستكردنى به‌نداو بكه‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان به‌ وه‌كاله‌ت به ئاماژه‌پێدان به‌و بوارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ گوتی "وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پلانی دروستكردنی 13 به‌نداوى ستراتیژى ئاماده‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه  له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ران دروست بكرێن، وێراى پڕۆژه‌كانى ساردخانه‌ وسه‌ربڕخانه‌كانى په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵ و چه‌ندین پڕۆژه‌ى دیكه‌ی جۆراوجۆری وه‌به‌رهێنان.

رێژه‌ی باران بارین

فازل ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌ریگشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند ئەمساڵ له‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی رابردوو 585.2 ملم بارانی زیاتر باریوه.

زۆرترین تێکرای دابارین لە مێرگەسور لە پارێزگای هەولێر به‌ رێژه‌ی 2307.9 ملم تۆمار كراوه، لە دوای ئەویش لە دینارتە لە پارێزگای دهوك 2104 ملم باریوه.

لە سەر ئاستی شارە گه‌وره‌كانی هه‌رێم، زۆرترین دابارین له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵ به رێژه‌ی ­1312.6ملم له سلێمانیه تۆمار كراوه ودوای ئه‌ویش له‌ دهۆك  1199.3ولە هەولێریش بە 894.3 باریوه.

له‌ كاتێكدا له‌ ساڵی 2018 له سلێمانی 836.6 ملم باران باریوه و له‌ دهۆك 518.7ملم وله‌ هه‌ولێر 435.1ملم باریوه.

له‌ ساڵی (2018-2019) نزیكه‌ی 140 روژ باران باریوه، له‌ كاتێكدا له‌ ساڵی (2017-2018) ته‌نیا 60 رۆژ باران باریوه.

زیادبوونى ڕێژەى باران له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵ راستەوخۆ كاریگه‌ری بۆ سەر زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی، ئاوی سەر زەوی و بەنداوەکان هه‌بووه. به‌ هۆیه‌وه‌ بواری کشتوکاڵ لە وەرزی هاوین فراوانتر ده‌بێت. زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی وتەقینەوەی کانیاوەکان دەرفەتێک بۆ جوتیاران دەرەخسێنێ بۆ چاندنى بەروبوومەکانیان.

به‌ڕێوه‌به‌ریگشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە  پێشبینی  دابارین له‌ ساڵانی داهاتوو گوتی  بەگوێرەی داتاکانی کەشناسی هەر 30  ساڵ جاڕیک خوولێکی ئاووهەوا ڕوودەدات کە تیایدا باران بارین ڕیژەی پێوانەیی تۆمار دەکات، بۆیە پێشبینی دەکرێت لەساڵانی داهاتوو بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی .  

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ رایگه‌یاند ئه‌مساڵ هه‌رسێ به‌نداوى دۆكان، دهۆك وده‌ربه‌ندیخان پڕ ئاو بوون كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر بوو ئه‌م به‌نداوانه‌ پڕنه‌ببون.

پێنج رووبارى سه‌ره‌كى له‌ ناو هه‌رێمى كوردستان هه‌ن كه‌ بریتین له‌ خاپوور، زێى گه‌وره‌، زێى بچووك،  سیروان وئاوه‌ سپى. 

غازی فایه‌ق سه‌باره‌ت به توانای گڵدانه‌وه‌ی ئاو له به‌نداوه‌كانی مامناوه‌ندی وبچووك له‌ هه‌رێمی كوردستان گوتی، وێڕاى ته‌واوبوونى 13 به‌نداوى دیكه‌ی بچووك ومامناوه‌ندی به‌ تواناى گڵدانه‌وه‌ى 49.9  ملیۆن م3  ئاو وبوونى 17 به‌نداوى تر كه‌ له‌ ژێر جێبه‌جێكردندان كه‌ تێكڕاى تواناى گڵدانه‌وه‌ى ئاویان ده‌گاته‌ 274.5 ملیۆن م3. هه‌موو ئه‌م (30) به‌نداوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێم  بوودجه‌ى بۆ ته‌رخانكراوه‌.

هه‌روه‌ها پرۆژه‌ی 13 به‌نداوى دیكه‌ی‌ گه‌وره‌ ئاماده‌ن بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن به‌ شێوه‌ى وه‌به‌رهێنان یا  قه‌رزى درێژخایه‌ن یا به‌ شێوازى هاوبه‌شیی كه‌رتی گشتی ه‌تایبه‌ت جێبه‌جێى بكه‌ن.

داتا و زانیاریی زیاتر له‌ بواری كه‌رتی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری له‌ خشته‌كانی خواره‌وه‌دا ببینن:

به‌رهه‌مى سه‌وزه‌ بۆ ساڵى 2018  بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌م شێوه‌ى خواره‌وه‌یه‌:

به‌رهه‌مى مێوه بۆ ساڵى 2018  بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌م شێوه‌ى خواره‌وه‌یه‌:

به‌رهه‌مى سامانى  ئاژه‌ڵ بۆ  ساڵى 2018 بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌م شێوه‌ى خواره‌وه‌یه‌:

 

خشتەی دابارین لە وێستگەکانی کەشناسی لە پارێزگای هه‌ولێر

 

خشتەی دابارین لە وێستگەکانی کەشناسی لە پارێزگای سلێمانی

 

خشتەی دابارین لە وێستگەکانی کەشناسی لە پارێزگای دهۆك