لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ تالینی پایتەختی ئیستۆنیا، ئەمڕۆ ١٢/٣/2019، بهڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ههرێمی كوردستان لەگەڵ یوری ڕاتاس سەرۆک وەزیرانی ئیستۆنیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بهڕێز سەرۆک وەزیرانی ئیستۆنیا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی بهڕێز قوباد تاڵەبانی بۆ ئیستۆنیا دەربڕی و هەردوولا پێداگربوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەتایبەت لە بواری حکوومەتی ئەلکترۆنیدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بهڕێز ڕاتاس ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری دروستکردنی حکوومەتی ئەلکترۆنی و گواستنەوەی ئەزمونی سەرکەوتووی ئەستۆنیا لە بواری حکوومەتی ئەلکترۆنیدا بۆ هەرێمی کوردستان، لەم چوارچێوەیەدا بە فەرمی بانگهێشتنامەیەکی پێشکەشی حکوومەتی هەرێم کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە حکوومەتی ئەلکترۆنی کە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە ئیستۆنیا بەڕێوەبچێت.
لای خۆیهوه بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی بەڕێز یوری راتاسی کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە و ھیوای خواست لە داھاتوودا بتوانن سود لە ئەزموونی سەرکەوتوویان ببین لەبواری حکوومەتی ئەلکترۆنیدا.
لە کۆبوونەوەکەدا هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری هەرێمی کوردستان و سەفین غەفور ڕاوێژکاری تایبەتیی بهڕێز قوباد تاڵەبانی بەشداربوون.
هەر لە درێژەی سەردانەکەیدا بهڕێز جێگری سەرۆک وەزیرانی ههرێمی كوردستان سەردانی مەڵبەندی تۆماری زانیاریی ئیستۆنیای کرد و لەلایەن بەرپرسانی ئەو مەڵبەندەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا، بەرپرسانی مەڵبەندەکە باسیان لە گرنگی ئەرک و کارەکانی مەڵبەندەکەیان کرد کە هەموو داتا و زانیارییەکانی حکوومەتی ئیستۆنیا لەخۆدەگرێت و بە شێوەیەکی ئەلەکترۆنی تۆمار کراون.
بەڕێز قوباد تاڵەبانی رۆژی دوو شەمە ١١ی ئازار لەسەر بانگهێشتی فەرمیی بهڕێز سەرۆک وەزیرانی ئیستۆنیا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەشیدا رۆژی 21/3/2019 لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە و دواتر سەردانی ئەکادیمیای حکوومەتی ئەلکترۆنی کرد.