حکومەتی هەرێمی كوردستان
WED, 18 SEP 2019 20:33 Erbil, GMT +3




Important notice: This is KRG's old cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit GOV.KRD please

‌یەک ملیۆن و٤٠٠ هەزار ئاوارە وپەنابەر هێشتا لە کوردستانن

TUE, 24 APR 2018 12:09 | KRG Cabinet

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان له‌ لێدوانێكدا بۆماڵپه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی کە 30 لەسەدی ئاواره‌كانی ناوخۆی عێراق و98 لەسەدی په‌نابه‌رانی سوریا لە ‌عیراق، له‌ هه‌رێمی كوردستانن، كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته یەک ملیۆن و٤٠٠ هەزار كه‌س.

هوشنگ محه‌ممه‌د به ئاماژه پێدان به نه‌بوونی ئاسایش وخرمه‌تگوزاری وبه‌ربه‌ستی میلشیا‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان گوتی، "به‌هۆی نه‌بوونی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌یه‌كی روون بۆ هاندان و پشتگیریكردنییان گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئاواره‌كان‌ بۆ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان زۆر له‌سه‌ر خۆیه‌."

به‌ پێی ئاماری گشتی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان نزیكه‌ی 250 هه‌زار ئاواره‌ی موسڵ له‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی ئه‌و شاره‌ هاتبوونه‌ هه‌رێمی كوردستان ونزیكه‌ی 50 لەسەدیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام  له‌ به‌رامبه‌ردا كۆچی پێچه‌وانه‌‌ به‌رز بووه‌ته‌وه.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵەدا تا ئێستا زیاتر له‌ 4500 ئاواره دووباره‌ له‌ موسڵه‌وه‌ بۆ  هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

هەروەها، له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، 148 هه‌زار ئاواره‌ له‌ دوز وكه‌ركوك وناوچه‌كانی تر په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان هێناوه‌.

هۆکاری كۆچی پێچه‌وانه‌‌ی ئاوارەکان

له‌ باره‌ی هۆكاری دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناو كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هۆشنگ محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه نه‌بوونی ئاسایش، سه‌قامگیری، مه‌ترسی، هه‌ڕه‌شه‌كانی میلشیاكان، نه‌بوونی ئیداره‌یه‌كی به‌هێز، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری، بژێوی ژیان، كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وعه‌شایه‌ری وهاوكات زۆربوونی كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، هوكاری سه‌ره‌كی دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانن بو ناو كه‌مپه‌كان.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان، كه هه‌ماهه‌نگی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم ونه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، عراق ولایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به پرسی ئاواره‌كان ده‌كات ده‌ڵێت، "ئێستا ره‌وشی ئاواره‌كان له‌ ناو كه‌مپه‌كان باش نیه،‌ چونكه‌ له‌لایه‌ك ئه‌و كه‌مپانه‌ی بۆ ئاواره‌كانی موسڵ دروستكران كه‌مپی فریاكه‌وتنن وبه‌ شێوه‌ی كاتی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ دروستكران وئێستا زۆربه‌ی خیوەته‌كان پێویستیان به‌ گۆڕین هه‌یه‌ وژێرخانی  ناو كه‌مپه‌كان و خزمه‌تگوزاری پێویستی به‌ چاككردن هه‌یه."

له‌ باره‌ی ھاوكاری حكومەتی عێراق بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان وپرۆسەی گەڕانەوەی ئاواره‌كان گوتی، "تا ئێستا سیاسه‌ت و به‌رنامه‌یه‌كی نشتیمانی گشتگیر نییه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ حكومه‌تی به‌غدا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان وپارێزگاكانی دیكه به‌یه‌كه‌وه‌ جێبه‌جێی بكه‌ن. ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی په‌رش وبڵاوی و ناڕوونی وبێ به‌رنامه‌یی له‌ پڕۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان. تا ئێستا گروپه‌ میلشیا‌كان رێگه به گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌یان هه‌زار خێزان بۆ زیدی خۆیان له‌ ناوچه‌ ئازاد كراوه‌كان ناده‌ن وهیچ پاڵپشتیه‌كی ماددی و مه‌عنه‌وی دیاریكراو نیه‌ بۆ هاندانی گه‌ڕانه‌وه‌ وئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆكار كه‌ ئاواره‌كان بڕیار نه‌ده‌ن ئایا بچنه‌وه‌ زێدی خۆیان‌ یان دووباره‌ بۆ كه‌مپه‌كان بگه‌ڕینه‌وه‌."

هۆشەنگ محمه‌مه‌د رۆڵی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ورێكخراوە نێودەوڵەتییەكان وناوخۆیی بۆ یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان گرنگ ده‌نرخێنێت كه بۆ پێشكه‌ش كردنی هاوكاری به‌ ئاواره‌كان پشت به‌ كۆمه‌كی دارایی وڵاتانی‌ كۆمه‌ك به‌خش ده‌به‌ستن. ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هاوكاری داراییان پێشكه‌ش نه‌كرێت ناچار ده‌بن گشت به‌رنامه‌كانیان كۆتایی پێ بێنن.

له‌لایه‌كی تر به‌هۆی سیاسه‌تی عێراق وكۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌و رێكخراوانه‌ زیاتر گرنگی به‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان ده‌ده‌ن وكۆمه‌كی دارایی زیاتر بۆ ئه‌و ناوچانه‌ وه‌رده‌گرن، نه‌ك ئاواره‌كان وهاوڵاتیانی میواندار له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی دیكه.

به‌شداری كردنی ئاواره‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنی عێراق

بۆ به‌شداری كردنی ئاواره‌كان له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، ناوه‌ندی هاوبه‌شی قه‌یران داتای تایبه‌ت به‌ ئاواره‌كان له‌ وانه‌ ژماره‌ و شوێنی پێشوویان بۆ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژارین ناردووه‌ وهه‌روه‌ها‌  بۆ دانانی سندوقی ده‌نگدان له‌ ناو كه‌مپ و شاره‌كان  بۆ به‌شداری كردنی ئاواره‌كان له‌ هه‌ڵبژاردن هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی له‌گه‌ڵ كۆمیسیونی هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌. به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئاواره‌كان كارتی ده‌نگدانیان بۆ نه‌كراوه‌ وكارتی پێشووشیان نه‌ماوه‌ وتا  ئێستا روون نیه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن.

په‌نابه‌رانی سوریا (روژئاوای كوردستان)

تا ئێستا 240014  په‌نابه‌رانی سوریا ‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون  كه 37 لەسەدیان له‌ ناو نۆ كه‌مپ له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر ودهۆك وسلێمانی نیشته‌جێكراون وئه‌وانی تریش له‌ ناو شاره‌كان ده‌ژین.  تا ئێستا  12 خێزان (60 كه‌س) له‌ عه‌فرینه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان. به‌هۆی دووری و نه‌بوونی رێگا تا ئێستا شه‌پۆڵی ئاواره‌ له‌ عه‌فرینه‌وه‌ نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان.

كۆنفڕانسی باڵای ھاوبەش له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان له‌ باره‌ی كۆنفڕانسی باڵای ھاوبەش  له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم ونه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه له رۆژی 10 نیسان به‌ڕێوه‌چوو گوتی، "مه‌به‌ست‌ له‌م كۆنفڕانسه‌ راگه‌یاندنی پلانی فریاكه‌وتنی مرۆیی بوو بۆ ئاواره‌كانی ناوخۆ له‌ هه‌رێمی كوردستان و پلانی هاوكاری وخۆڕاگری په‌نابه‌رانی سوریا و پلانی هاوكاری كردنی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه له‌ ساڵی 2018 دا."

شایانی باسە، وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێم له‌ ساڵی 2014 هه‌وڵیدا له‌ پلانی فریاكه‌وتنی مرۆیی كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ئاواره‌كانی ناوخۆی عێراق داده‌نێت، ساڵانه‌ به‌شێكی تایبه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت. ساڵی رابردوو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داواكاری وه‌زیری ناوخۆی  بۆ ئه‌م مه‌به‌سته  په‌سندكرد.

له كۆنفرانسه‌كه‌دا ره‌وشی مرۆیی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران وهاوڵاتیانی میواندار و بارودۆخی دوای داعش وكێشه‌ی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان وئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه پێویستن بۆ پڕۆسه‌ی سه‌قامگیری له‌ دوای داعش پێشكه‌ش به‌ وڵاته‌ كۆمه‌ك به‌خشه‌كان كران، خرانه‌ڕوو.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ناوه‌ندی هاوبه‌شی قه‌یران گوتی له‌م كۆنفڕانسه‌دا داوای 442 ملیۆن دۆلار بۆ دابین كردنی پێداویستیه‌ هه‌ره‌ گرنگ وبنه‌ڕه‌تییه‌كان له‌ هه‌ر سێ پلانه‌كه‌ بۆ ساڵی 2018 بۆ هاوكاریكردنی ئاواره‌كان وپه‌نابه‌رانی سوریا وهاوڵاتیانی كه‌مده‌رامه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا. دابینكردنی گشت خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ئاواره‌ وپه‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ پێویستی به‌ 1.9 ملیار هه‌یه‌.

له‌ كونفرانسه‌كه‌دا هه‌روه‌ها داوای هاوكاری ته‌كنیكی و شاره‌زایی وپاڵپشتی سیاسی بۆ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له‌ هاوكاری كردنی ئاواره‌كان وسه‌رخستنی پڕۆسه‌ی سه‌قامگیری وبنیاتنانه‌وه‌ له‌ ناوچه ئازادكراوه‌كان وگه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ وبه‌‌ شكۆی ئاواره‌كان به‌رده‌وام بێت.

ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ دیپلۆماتكاران، نوێنه‌ری وڵاتانی بیانی وئاژانسه‌كانی په‌ره‌پێدان وبه‌رپرسانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌شداریان له‌م كۆنفڕانسه‌دا كردبوو.