حکومەتی هەرێمی كوردستان
SUN, 6 OCT 2024 04:20 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی و یان كۆبیش جه‌خت له‌ دیالۆگی هه‌ولێر ــ به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه‌

THU, 29 MAR 2018 17:38 | KRG Cabinet

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29/3/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز یان كۆبیش نێرده‌ی تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، به‌ڕێز كۆبیش خۆشحاڵیی خۆی به‌ هه‌نگاوه‌ ئه‌رێنییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌ربڕی‌ و هیوای دیالۆگێكی جددیترى به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان خواست، ئاماده‌ییی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشی له‌مباره‌یه‌وه‌ بۆ هه‌ر هاریكارییه‌ك نیشان دا.

به‌ڕێز كۆبیش پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كانیان له‌ ڕه‌خساندنی كه‌شێكی گونجاو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و گردبوونه‌وه‌ی دوێنێی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق بۆ واژۆكردنی میساقی شه‌ره‌ف به‌مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوو، هه‌روه‌ها دوایین پێشهاته‌كانى بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و پشتگیریى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، پێشكه‌ش كرد.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێز كۆبیشی له‌ پێشوه‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و پشتگیرى له‌ دیالۆگى هه‌ردوولا كرد‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر كران و هیوای خواست بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی دیكه‌ش گفتوگۆی جددی بكرێت. به‌ڕێزیان به‌شداریی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی له‌ گردبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراقدا به‌ پشتگیرییه‌ك بۆ پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق زانی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا به‌ڕێزیان جه‌ختی له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی خۆیدا كرده‌وه‌، ده‌رباره‌ی ئاواره‌كانیش، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه‌ هه‌ندێك له‌ ئاواره‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ زێدی خۆیان، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و ئارامییه‌وه‌، به‌ ناچاری گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ كه‌مپه‌كان و به‌ پێویستی زانی حكوومه‌تی عێراق به‌ هاوكاریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكات و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه‌.