حکومەتی هەرێمی كوردستان
SUN, 6 OCT 2024 04:40 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی و شاندێكی ئه‌مه‌ریكی جه‌خت له‌ هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیی دوولایه‌نه ده‌كه‌نه‌وه‌

WED, 28 MAR 2018 22:06 | KRG Cabinet

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28/3/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ جەنەرال وۆلتر پایێت فەرماندەی نوێی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و کێن  گرۆس کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی ‌نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان ده‌ربڕی و به‌ پێوستیان زانی‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شانازی به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر تیرۆرستانی داعش بكه‌ن كه‌ بۆ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی بووه‌، ئاماده‌ییی وڵاته‌كه‌شیان بۆ به‌رده‌وامی و پته‌وكردنی زیاترى ئه‌و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ و باشتركردنى په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، نیشان دا‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكای كرد بۆ هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعشدا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ توانی به‌رگری له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی هه‌رێم‌ بكات و ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك نیشان دا به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ مه‌ترسیی تیرۆر تیایدا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ بوونی میكانزمێكی پته‌وى له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ پاڵپشتیی هاوپه‌یمانان دووپات كرده‌وه‌ و جه‌ختی له‌ هه‌ڵنانى چه‌ند هه‌نگاوێكی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كرده‌وه‌ بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان تاكو بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان.

تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه‌ و دۆسیای ئه‌منی و دۆخی ناوچه‌كه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.