حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 09:50 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی لە ئاهەنگی دەرچوونی زانكۆی ئەمەریكی وتارێكی پێشكەش كرد

MON, 13 MAY 2019 20:32 | KRG Cabinet

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هانی دەرچووانی ئەمساڵی زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی دا كە بە پرۆژە و شارەزاییەكانیان بەشداربن لە بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتیی تەواوی خۆیشی بۆ هاوسەنگیی جێندەری لە بازاڕی کار راگەیاند.

لە میانەی وتارێكدا كە لە دەسپێكی ئاهەنگی هەشتەمین خولی دەرچووانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌ سلێمانی ئێوارەی ئه‌مرۆ 13 ئایاری 2019 پێشكەشی كرد، به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووان، جەختی كردەوە كە توانای مرۆیی شارەزا، گەورەترین سەرمایەی هەر وڵاتێکن و له‌مباره‌یه‌وه‌ ژاپۆن و ئەڵمانیای پاش جەنگی جیهانی دووەمی بە نمونە هێنایەوە كە تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی کاری شارەزا و زانکۆی بەهێز توانیان لە ماوەیەکی کورتدا هەستنەوە و ئابوورییەكی بەهێز بنیات بنێن.

لە بەشێكی دیكه‌ی وتارەكەیدا به‌ڕێزیان ستایشی بەرەوپێشچوونی ئاستی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستانی كرد لەناویاندا زانكۆی ئەمەریكی و ڕوونیكردەوە تەنها بەدەستهێنانی بڕوانامە بەس نییە بۆ فێرخوازان، بەڵكو دەبێت پێشەنگ بوون لە پێشخستنی كەرتی كار و پێشكەشكردنی بیرۆكە و پرۆژەی تایبەت کە پێویستی قۆناغی ئێستایە بە تایبەت  لە بوارەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازیدا.

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ دەبێت هەرێمی كوردستان فەلسەفە و ڕێبازێکی ئابووریی دیاریكراو و گونجاو هەڵبژێرێت، گەشبینیی خۆیشی پیشاندا كابینەی داهاتوو په‌ره‌ به‌ چاكسازییه‌كان و ئاستی خزمەتگوزاریه‌كان بدات و گرنگیی زیاتر بدات به‌ جوڵاندنی بازاڕ و وتی كه‌ هەموو هەوڵ و توانایان بۆ ئەوە دەبێت بە پەرەپێدانی كەرتی تایبەت زۆرترین هەلی كار بۆ گەنجان و بەتایبەت بۆ دەرچووانی زانكۆ بڕەخسێنن.

له‌ كۆتایی وته‌كه‌یدا به‌ڕێز جێگری سەرۆك وەزیران وتارەكەی تەرخانكرد بۆ پشتیوانیكردنی كاری ژنان و دابەزینی ژنان بۆ بازاڕی كار و خاوەندارێتیی پرۆژەی تایبەتی خۆیان و دوای كرد ژنانی خاوەن بڕوانامە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەموو ئه‌و بەربەستانە تێكبشكێنن كە ڕێگرە لە كاری ژنان و كۆمەڵگای لەم توانا مرۆییە مەزنە بێبەش كردووە و لەمبارەیەشەوە پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ژنان نیشان دا.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان