حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 18 JUL 2019 03:21 Erbil, GMT +3




Important notice: This is KRG's old cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی و شاندێكی وەزارەتی دارایی فەڕەنسا گەیشتنە هەندێك لێك تێگەیشتن

TUE, 7 MAY 2019 20:05 | KRG Cabinet

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندێکی بەشی هاوكاریی نێودەوڵەتیی وەزارەتی دارایی فەرەنسا گەیشتنە لێك تێگەیشتن بۆ یارمەتیدانی حكوومەتی هەرێم لە چۆنیەتیی گەڵاڵەكردنی بودجە، وردبینی و چاودێریكردنی خەرجییەکان و ڕێكخستنەوەی باجەكان لە قۆناغی داهاتوودا.

لە میانەی كۆبوونەوەیەكدا كە ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 7 ئایار 2019 لە هەولێر بەڕێوەچوو، به‌ڕێز جێگری سەرۆك وەزیران داوای له‌ شاندی میوان كرد هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بن لە داڕشتنی پرۆژە یاسای بودجە و چاودێریكردنی خەرجییەكان و چۆنییەتی وردبینیكردنیان، هه‌روه‌ها بۆ نەهێشتنی كورتهێنانی بودجە ڕاهێنانی كارمەندەكان و هەمواركردنەوەی یاسا كۆنەكانی به‌ پێویست زانی.

لای خۆیانەوە شاندی میوان بەڵێنیان دا لەماوەی دوو مانگدا بۆ ڕاوێژدان بە حکوومەتی هەرێم، پسپۆڕەکانی خۆیان بنێرنە هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە بە ئەلەكترۆنیكردنی دەزگاكانی حكوومەتی هەرێم و چاكسازیكردن لە شێوازەکانی كۆكردنەوەی باج کردەوە، هه‌روه‌ها بڕیار درا لە سەرەتای دەستبەکاربوونی كابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، فەرەنسییەكان سیمینارێكی گەورە بۆ یارمەتیدانی هەرێم لەباره‌ی بودجە و خەرجی بەشێوەیەكی دروست له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجام بده‌ن.

لە بەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشت و گوزار كرد کە لە بودجەكانی داهاتوودا گرنگی بەم دوو کەرتە بدرێت كە لە دواین پڕۆژەی بودجەدا تەنها 2% بودجە بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخانكرابوو.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان