حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 20 APR 2024 01:37 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی: گەورەترین تەحەدای بەردەم عێراق و هەرێم قەیرانی حوكمڕانییە

WED, 6 MAR 2019 17:18 | KRG Cabinet

به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان لە وتاری کردنەوەی دیداری سلێمانی لە زانکۆ ئەمریکی، ڕایگەیاند كه‌ گەورەترین تەحەدای بەردەم عێراق و كوردستان كێشەی نێوان زلهێزەكان نییە لە عێراق، بەڵكو کێشەی حوکمڕانییە، چونکە لە ئێستادا هاوڵاتیان چاوەڕوانیی حکومڕانییەکی باشترن کە خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین بکات.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بەوەی کە عێراق و هەرێمی کوردستان چوار ساڵی سەختی پڕ لە قەیران و ناسەقامگیری و جەنگ و ئاواره‌ییان تێپەڕاند، بەڵام ئێستا هاوڵاتیان داوای حکومڕانییەکی باشتر دەکەن و دەبێت لەم قۆناغەدا چ حکوومەتی فیدراڵ و چ حکوومەتی هەرێم هەنگاوی جدی بنێن بۆ ئەوەی لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا بن.

سەبارەت بە جەنگی داعش، به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئێستا عێراق لە جەنگێكی تر دایە كە شێوازەكەی گۆڕاوە، داعش چیتر خاوەنی خاك و دەسەڵات نییە كە ناوی نابوو خەلافەت، بەڵام ئێستا وەک ڕێكخراوێكی تیرۆریستی هەر جارێک لە شوێنێکەوە هێرش دەکاتە سەر هێزە ئەمنییەكان و سەرقاڵیان دەكات.

به‌ڕێزیان باسی لەوەش كرد كه‌ ڕاستە تەحەداکانی بەردەم عێراق و هەرێم گەورەن، بەڵام دەرفەتی مێژووییش هاتووەتە ئاراوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو تەحەدایانە، لە بەغدا حکوومەتێکی نوێ درووست بووە و لە هەرێمیش هەنگاوێکی گەورە نراوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ، ئەمەش دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن بتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین. هه‌روه‌ها ڕوونیشیكردەوە کە ئێمە لەبەردەم دووڕییانێكی گرنگداین یان دەبێت بە ڕێگا کۆنەکەدا بڕۆین کە ڕێگەی جەنگ و ئاڵۆزی و ململانێی توندە کە ئەم ڕێگایە هیچ بەرهەمێکی بۆ هیچ لایەنێکمان نەبوو، یا دەبێت ڕێگایەکی نوێ بگرینەبەر کە پێکەوە کارکردن و هەماهەنگییە ئەم ڕێگایەش بەرەو ئارامیمان دەبات.

لە بەشێکی تری وتارەكەیدا به‌ڕێزیان باسی لە گرنگیی ڕۆڵ و پێگەی ژنان کرد لە حکومڕانیدا و ڕایگەیاند گرنگیدان بە ژنان و بەهێزكردنی تواناكانیان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرەوپێشبردنی ئابووریی وڵات و پێشکەشکردنی حکومڕانییەکی باشتر، هەربۆیە چیتر نابێت مەیدانی سیاسەت و حکومڕانی مەیدانێکی پیاوانە بێت، بەڵکو دەبێت هاوسەنگییەک لەنێوان بەشداریی ژنان و پیاواندا دروست بکرێت.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک وەزیران  بە ئاماژەدان بە  توندوتیژیی دژی ژنان و هەڕەشەی سێكسی لەسەر كارمەندانی ژن، ڕایگەیاند كه‌ دەبێت بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردانە کەڵک لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەربگرین، بە پێویستیشی زانی کە لە دیداری سلێمانیدا گرنگی بەم بابەتە بدرێت.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان