حکومەتی هەرێمی كوردستان
WED, 24 JUL 2019 07:49 Erbil, GMT +3




Important notice: This is KRG's old cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی: ده‌بێ لایه‌نه کوردستانییه‌کان یه‌کگرتوو بن

FRI, 1 FEB 2019 14:10 | KRG Cabinet

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 1/2/2019 لە پانزدەهەمین ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات، بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، مەراسیمێک لە شاری هەولێر ساز کرا. لەو مەراسیمەدا بەڕێز سەرۆک وەزیران وتارێکی بەو بۆنەیەوە پێشکەش کرد.

بەڕێزیان لە وتارەکەیدا وێڕای بەخێرهێنان میوانانی ئەو ڕێوڕەسمە، یادی شەهیدانی کارەساتی یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ی بەرز نرخاند کە هاوکات هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرانە ئامانجی دوو پەلاماری تیرۆریستی و ڕەشبیرانە کە شەهیدبوونی ١٠١ کەس لە سەرکردە و پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتگێڕ و كادیران و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و شاری هەولێر، شاری لێبوردەیی و میواندۆستی و ئایینپەروەریی لێکەوتەوە و، خوێنیان تێکەڵ بە خاکی پیرۆزی کوردستان بوو.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی ڕووداوەکەی گێڕایەوە کە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان بوو و تیایدا هاووڵاتییان بۆ جەژنە پیرۆزە لە کاربەدەستانی حکوومی و بەرپرسانی حزبی لەو شوێنانە کۆببوونەوە، بەڵام تیرۆریستان کە چاویان بە جەژن و خۆشیی خەڵکی کوردستان هەڵنایەت، ئەو کارەساتەیان خوڵقاند و جەرگی دەیان دایکیان سووتاند. ئەوەشی گووت کە ئەمڕۆ یادی تێکەڵبوونی خوێنی پێشمەرگە و سەرکردەکانی پارتی و یەکێتییە، و توانییان بە هاوخەباتی و هاوسەنگەری دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان بپارێزن. لە ڕووەوە، جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی کردەوە لە پرسی نیشتمانییەکاندا کردەوە.

بەڕێز سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان کرد کە هەمیشە لە ڕێگەی خەباتی بەردەوامی شۆڕشگێڕانەدا، لە بەرەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بووە و پەنای بۆ تیرۆر نەبردووە. هەربۆیە، وێڕای سووربوون لەسەر بنەماكانی فرەیی و لێبورده‌یى و پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان، پاراستنی ئەو کلتوورەی بە ڕێگرییەکی گەورە دانا لە بەردەم تەشەنەسەندنی هزری توندڕەوی کە گەورەیی ئەو هەڵوێستەی حکوومەت و خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و بزووتنەوە سیاسییەکەی لە شەڕی داعشدا بۆ جیهان دەرکەوت، کە بە شانازییەوە بووەتە بەشێك لە پرۆگرامی پەروەردە و خوێندن له‌ هەرێمی کوردستان. تەنانەت سەرەڕای تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن داعش و هەروەها بڕینی بودجەی هەڕێم و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەلایەن بەغداوە، کە ئاوارەبوونی پتر لە دوو ملیۆن پەنابەری لێکەوتەوە، کەچی خەڵکی کوردستان بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە ئامێزیان بۆ کردنەوە و هیچ ڕووداوێکی توندوتیژی دەرهەقیان تۆمار نەکرا. ئەوەش مایەی شانازییە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ئەوەی دووپات کردەوە کە داعش سەرەڕای کەمبوونەوەی مەترسییەکانی، بەڵام لەناو نەچووە و جموجۆڵەکانی لە چەند پارێزگایەکی عێراق هەستی پێدەکرێت و مەترسیی فراوانبوونیشی لێدەکرێت، بۆیە، هەڵوێستی نوێی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پێویستە و دەبێ لەڕووی هزرییشەوە کار لەسەر بەرنامە و ستراتیژێک بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی. هەروەها ئەوەری بە گرنگ زانی کە ستراتیژێكی تازەی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەلایەن هاوپەیمانیی دژی داعشه‌وه‌ بە بەشداریی پێشمەرگە و هێزەكانی دیکەی عێراقی دابنرێت و ئامادەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بۆ هەرچەشنە هاوكارییەك لەگەڵ هێزەكانی عێراق و هاوپەیمانانی نێوده‌وڵه‌تی دووپات کردەوە. لەو سۆنگەیەوە یادی خۆڕاگری و قارەمانی و گیانبەختکردوویی ١٧٢٦ پێشمەرگەی قارەمان و ١٠ هەزار و ٧٢٠ پێشمەرگەی بریندار و ٤٢ پێشمەرگەی بێسەروشوێن لە شەڕی دژ بە داعشی بەرز نرخاند و سەری ڕێزا و نەوازشی لە بەرامبەر ڕۆحی گه‌وره‌ی ئه‌و شه‌هیدانه‌ و کەسوکاریان دانەواند.

بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وێڕای ئاماژە بە پەیوەندیی ئەرێنیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق، ڕایگەیاند کە بەخۆشییەوە لێكگەیشتنێكی باش لەگەڵ بەڕێز د. عادل عەبدولمەهدی هەیە لەپێناو چارەسەركردنی هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ له‌ نێوان هەردوولادا هەیە. چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و نەهێشتنی ناکۆکییەکانی بە هۆکاری گرنگ دانا لە نەهێشتنی مەترسیی داعش و هاوشێوەکانی و ئەوەش لای حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە.

بەڕێزیان، ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کوردستان لە ساڵی ڕابردووی بە دوو سەرکەوتنی گەورە وەسف کرد کە سەرەڕای سەختی و قەیرانەکان بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیشت و شانازیییەکی دیکەی بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار کرد.

لە وتارەکەیدا لە مەراسیمی پانزدەهەمی ساڵی شەهیدانی یەکی شوبات، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، قوربانیدان و هاوخەباتیی پارتی و یەکێتیی وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە و جەختی لەسەر پێویستی لێکتێگەیشتنی زیاتر و بەردەوامیی هاوکاریی هەردوو حزب کرد بۆ چارەسەرکردنی پرسە جیاجیاکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق. هەروەها حكوومەت و ئیدارەی داهاتووی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش و بەبێ كێشە بەڕێوە ببەن و هێز بدەنە چارەسەری هەموو ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بووه‌.

بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی وتارەکەیدا، دووپاتی کردەوە کە یادى شەهیدانی یەکی شووبات بۆ هه‌میشه‌ له‌ دڵى هه‌موو كوردستانییه‌كدا هه‌ر به‌ زیندوویى ده‌مێنێته‌وه‌ و جارێكی دیكە سڵاو و دروودی نارد بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدانی یەكی شوبات و سه‌رى ڕێز و نه‌وازشی له‌به‌رده‌م گیانى پاكى ئه‌وان و سەرجەم شه‌هیدانى كوردستاندا، دانەواند.

ده‌قی وتاری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران:

كەسوكاری شەهیدان،
ئامادەبووانی بەڕێز به‌یانیتان باش و هه‌موولایه‌كتان به‌خێر بێن ...

بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ پازده‌هه‌مین ساڵیادى شەهیدانی یەكی شوبات.  به‌خێرهاتنی نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م، هه‌موولایه‌كیان به‌خێربێن بۆ به‌شداریكردن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا. شەهیدانی ئەو ڕۆژه‌ ڕه‌ش و خەمناكەی لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە بە "كارەساتی یەكی شوبات" ناسراوە.

پازده‌ ساڵ پێشتر وه‌ك ئه‌مڕۆ، ڕۆژی 1ی شوباتی ساڵی 2004، لە هێرشێكی هاوكاتدا، هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی سێی ڕێكخستنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە هەولێری خۆشەویستدا، كرانە ئامانجی دوو هێرشی تیرۆریستی و لە ئەنجامدا 101 كەس له‌ سه‌ركرده‌ و پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتگێڕ و كادیران و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر شه‌هید بوون.

لێرەدا جارێكی تر ڕێز لە گیانى پاكی یەك بەیەكی ئەو 101 شەهیدە دەگرین و به‌بیریان ده‌هێنینه‌وه‌. هەروەها ڕێز لە خەباتی هەموو ئەو بەرپرسانەی حكوومەت و پارتی و یەكێتی دەگرین كە لەو ڕۆژەدا شەهید كران. یەكی شوبات ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ كه‌ خوێنی 101 سه‌ركرده‌ و پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتیى دیكه‌ی ئه‌م وڵاته‌ تێكه‌ڵی خاكی پیرۆزی كوردستان بوو. ڕۆژێك بوو كه‌ تیرۆریسته‌ ڕه‌شبین و ڕه‌شبیره‌كان له‌ یه‌ك كاتدا له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی لێبوورده‌یی و میواندۆستی و ئایینپه‌روه‌ری، هه‌ردوو باره‌گای سەرەكیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتییان كرده‌ ئامانج.

ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌ جه‌ژنی قوربان بوو، خه‌ڵكی هه‌ولێر ده‌سته‌ ده‌سته‌ ده‌هاتن و پیرۆزباییی جه‌ژنیان له‌ كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌ته‌كه‌یان و به‌رپرسه‌ حیزبییه‌كانیان ده‌كرد. هه‌موو لایه‌ك دڵخۆش بوون و گه‌ردن ئازادییان له‌ یه‌كتر ده‌كرد، به‌ڵام تیرۆریستان، خۆشیی جـەژنی قوربان و هیچ خۆشییەك به‌ خه‌ڵكی كوردستان ڕه‌وا نابینن و وه‌ك كاره‌ هه‌میشه‌ ناشیرینه‌كانیان، ئه‌مجاره‌ش جه‌رگی ده‌یان دایكیان سووتاند و دڵی سه‌دان دۆست و هاوڕێ و كه‌سوكاری ئه‌و شه‌هیدانه‌یان ئێشاند.

ئه‌مڕۆ ئێمه ‌یادی ڕووداوێكی ئاسایی ناكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو یادی تێكەڵبوونی خوێنی پێشمه‌رگه‌ و سه‌ركرده‌كانی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌‌، كه‌‌ له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كاندا و بۆ پارێزگاریكردن له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لى كوردستان پێکەوە له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ردا بوون، تاكو له‌ كۆتاییدا‌‌ توانییان پێكه‌وه كوردستان سه‌ربخه‌ن.

ئێمە كە لە یەكی شوباتدا زۆر هاوكار و هاوخەبات و ئازیز و خۆشەویستمان لەدەست دا، هەموومان لە ناخی دڵەوە بەو كارەساتە دڵتەزێنە هەژاین. لە هەمان كاتدا ئەو ڕاستییەش جارێكی دیكە كەوتەوە بەرچاوی هەموومان كە دوژمنان هیچ جیاوازییەكمان لەنێواندا ناكەن و لەیەك كاتدا دوژمنایەتیی هەموومان دەكەن، بۆیه‌ له‌م ڕۆژه‌دا ده‌بێ ئێمه‌ به‌بیرخۆمان بهێنینه‌وه‌ كه‌ دەبێ ئێمەش یەكگرتوو بین و هەمیشە یەكگرتووییی خۆمان لە پرۆسە و پرسە نیشتمانییەكاندا هه‌موولایه‌كه‌مان به‌یه‌كه‌وه‌ بیپارێزین.

بەڕێزان..
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و سەركردەكانی لە كوردستانی عێراق، هەمیشە ئامانجی توندڕەوان و تیرۆریستان بوون. لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هیچ كاتێك پەنای نەبردووەتە بەر تیرۆر و هەمیشە لە بەرەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بووە.

شۆڕشی كوردستان لەپێناو گەیشتنی گەلی كوردستان بووە بە ئامانجەكانی لەسەر خاكی خۆی، بۆیە هێرش و دەستدرێژی و تیرۆر، كاری گەلی كوردستان نەبووە، بەڵكو بەرگریكردن و ئازادیخوازی لەسەر خاكەكەی، ڕێگەی خەباتی به‌رده‌وامی شۆڕشگێڕانی ئه‌م وڵاته‌ بووە. لەبەرئەوە پاراستن و مانەوەی پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە كوردستان، ڕێگرێكی گەورە بووە لە فراوانبوونی مەترسیی تیرۆر و هزری توندڕەوی لە ناوچەكەدا.

ئەم تایبەتمەندییه‌ و ڕۆڵی گەلی كوردستان و بزووتنەوە سیاسییەكەی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها ڕۆڵی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕێگرتن لە توندڕەوی و تیرۆر، زیاتر لە هەموو كاتێك، لە كاتی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا بۆ جیهان بە ڕوونی و گەورەیی دەركەوت.

ئێمە لە كوردستان ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر شانازی بە بنەماكانی فرەیی و لێبورده‌یى و پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەكەین و سوورین لەسه‌ر زیاتر بەهێزكردنیان، چونكە ئەوە بووەتە بەشێك لە كولتووری گەلی كوردستان و لە باوك و باپیرانمانەوە بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌. بە شانازییەوە هه‌ر ئه‌مه‌ش بەشێكە لە پرۆگرامی پەروەردە و خوێندن له‌ وڵاته‌كه‌ماندا.

لە كاتێكدا داعش گەورەترین و دڕندەترین جینۆسایدی بەرامبەر خوشك و برا ئێزدییەكانمان ئەنجام دا و حكوومەتی عێراق له‌و كاته‌دا بودجەی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هه‌رێمی كوردستانی بڕیبوو، جێگەی شانازییە خەڵكی هەرێمی كوردستان بەوپەڕی بەرپرسیارێتیی مرۆڤانەوە، پێشوازی لە زیاتر له‌ دوو  ملیۆن ئاوارە و پەنابەر كرد بەبێ ئەوەی بە درێژاییی مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان هیچ ڕووداوێكی توندوتیژی بەرامبەر ئەو ئاواره‌ و پەنابەرانە تۆمار بكرێت.

داعش بەشێكی زۆری عێراق و سووریا و ناوچەی دیكه‌ى وێران كرد، مەترسییەكی زۆری بۆ سەر بنەماكانی ئازادیی ژیان و ئاسایشی جیهان دروست كرد. ڕاستە ئێستا هەبوون و مەترسیی داعش كەم بووەتەوە، بەڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ لەناو نەچووە، لەبەر ئەوەش دەبێ هاوپەیمانیی دژی داعش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئێستاش حیسابێكی سەربازی و ئەمنیی جددی بۆ ئەو مەترسییە بكەن، هه‌روه‌ها ده‌بێ له‌ڕووى هزرییشه‌وه‌، به‌ به‌رنامه‌ و ستراتیژێكى ڕوونه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووى تیرۆر و بیرى تیرۆر ببینه‌وه‌.

بەردەوامبوونی جموجوڵ و هێرشەكانی داعش لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان و چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراق بۆ هەموو لایەكمان ئاشكرایە و مایەی مەترسییەكی جددیه‌ بۆ ئاسایشی عێراق به‌گشتی. ئەگەر بە جددی ڕێگەی لێنەگیرێت، مەترسیی زیاتر و فراوانتربوونی هەیه‌.

پێشمەرگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان بە 1726 شەهید و 42 بێسەروشوێن و 10 هەزار و 720 بریندار، بە ئیرادەیەكی گەورە و به‌ چەك و توانایەكی یه‌كجار زۆر كەم، هێزێكی هەرە سەرەكیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بوو. هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا یادی ئه‌و شه‌هیدانه‌ به‌رز ڕاده‌گرین و له‌ به‌رامبه‌ر ڕۆحی گه‌وره‌ی ئه‌و شه‌هیدانه‌ سه‌ری ڕێز و نه‌وازش داده‌نه‌وێنین. ئێستاش پێویستە ستراتیژێكی تازەی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی، لەلایەن هاوپەیمانیی دژی داعشه‌وه‌ بە بەشداریی پێشمەرگە و هێزەكانی تری عێراقی دابنرێت.

لە هەمان كاتدا دەبێ دابینكردنی مافی هەموو گەلان و پێكهاتەكان بە شێوەیەكی یەكسان و بڵاوكردنەوەی بنەماكانی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوەی بە شێوەیەكی سیستماتیك و پەروەردەیی و یاسایی، بكرێنە بنەمای ستراتیژێكی درێژمەودای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر له‌ هه‌موو عێراق و ناوچه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش بۆ ئەوەی ئاسایش و دیموكراسیی جیهان پارێزراو بن.

بەڕێزان،
پێشمەرگەی كوردستان كە بۆ یەكەمجار هێرشەكانی تیرۆرى لەسەر زەوی وەستاند و لە شنگال و مەخموور و له‌ كه‌ركووك و گه‌رمیان به‌ هاوكاریی هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تى داعشى تێكشكاند، ئێستاش ئامادەیە هەموو هاوكارییەكی هێزەكانی عێراق و هاوپەیمانانیی نێوده‌وڵه‌تی بكات لەپێناو نەهێشتنی هەبوون و مەترسیی تیرۆرستان له‌ عێراقدا بەتەواوی. زەمینەی ئەو هاوكارییەش ئێستا لە هەموو كات باشترە، بەتایبەتی كە ئێستا كەشێكی باشى ئه‌رێنى لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراقدا هەیه‌.
 
هەروەها دەمەوێ لێره‌دا ڕایبگەیه‌نم كە ئێستا خۆشبه‌ختانه‌ لێكگەیشتنێكی باش لەگەڵ سەرۆك وەزیران بەڕێز د. عادل عەبدولمەهدی هەیە لەپێناو چارەسەركردنی هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ له‌ نێوان هەرێمی كوردستان و به‌غدا هه‌یه‌.

ئێمە ئەو هاوكاریكردنە زۆر بە گرنگ دەبینین لەپێناو نەهێشتنی هەبوون و مەترسیی داعش بەتەواوی، چونكە داعش و هاوشێوەكانی، سوود لە ناكۆكی و كێشەكانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر دەبینن، لەبەرئەوەش بەهێزكردنی هاوكاریی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەركردنی هەموو كێشەكان، لەو بوارەشدا له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ زۆر به‌ گرنگ سه‌یر ده‌كرێت.

بەڕێزان،
وێڕاى ئه‌و شه‌ڕه‌ى به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا سه‌پێنرا و سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌و قه‌یران و سه‌ختییانه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دروست كران،‌ خەڵکی هەرێمی كوردستان توانیان دوو هه‌ڵبژاردن له‌ ساڵی ڕابردوو به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام بده‌ن ئه‌وانیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هه‌ڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بوون. بە ڕاستی ئەنجامدانی دوو هەڵبژاردن بەو ئارامییە لەو بارودۆخەدا جێگەی شانازیی ئێمه‌یه‌، جێگه‌ی شانازیی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌‌.

ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەموو كارەسات و شانازییەكانمان پێكەوە بوونه‌. ئەمڕۆ كە یادی یەكی شوبات دەكەینەوە، پێش هەموو شتێك دەبینین كە خوێنی بەرپرس و كادیرانی هەردوو پارتی سەرەكیی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێكەوە ڕژاوه‌، لەبەر ئەوەش ئەمڕۆ و هەموو كاتێكیش، دەبێت پارتی و یەكێتی پێكەوە كار بكەن و چارەسەر بۆ پرسە جیاجیاكان بدۆزنه‌وه‌. كاتی ئەوەیە پارتی و یەكێتی و حیزبەكانی دیكەش له‌ هه‌رێمی كوردستان، پێكەوە لە پرس و پرۆسە سیاسییەكاندا كار بكەن و لێكگەیشتنیان زیاد بكەن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، بۆ ئەوەی حكوومەت و ئیدارەی داهاتووی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش و بەبێ كێشە بەڕێوە ببەین و هێز بدەینە چارەسەری هەموو ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بووه‌.

له‌ كۆتاییدا، جارێكی دیكە سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدانی یەكی شوبات دەنێرین و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گیانى پاكى ئه‌وان و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستاندا، داده‌نه‌وێنین.

یادى ئه‌و ئازیزانه‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌ دڵى هه‌موو كوردستانییه‌كدا هه‌ر به‌ زیندوویى ده‌مێنێته‌وه‌. یه‌كى شوبات سیمبۆلێكى دیكه‌ى ئه‌و كاره‌سات و نه‌هامه‌تیانه‌یه‌ كه‌ به‌ درێژاییى مێژوو به‌سه‌ر گه‌لى كوردستاندا هاتوون، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان بۆ مانه‌وه‌، بۆ ژیان، له‌ هه‌موو هێرش و تیرۆر و دوژمنكارییه‌ك به‌هێزتر بووه‌ و هه‌میشه‌ دواى هه‌ر كه‌وتنێك، به‌هێزێكی زۆر گه‌وره‌ته‌ره‌وه‌ هه‌ڵساوه‌ته‌وه‌.

نه‌مرى بۆ شه‌هیدان و سەركەوتن و سه‌رفرازى بۆ كەسوكاری سه‌ربه‌رزیان.
ئێوه‌ش هه‌موو لایه‌كتان دووبارە به‌خێر بێن بۆ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ و زۆر سوپاس.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان