حکومەتی هەرێمی كوردستان
WED, 24 JUL 2019 08:46 Erbil, GMT +3




Important notice: This is KRG's old cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لیژنەی شەقامی 100مه‌تری سلێمانی، وادەی 10 رۆژیان دیاریی كرد

TUE, 14 MAY 2019 12:26 | KRG Cabinet

بە سەرپەرشتی به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی تایبەت بە جێبەجێکردنی پرۆژه‌ی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی بەڕێوەچوو و تیایدا تاوتوێی چۆنیەتیی دەستپێکردنی پڕۆژەکە کرا و وادەی 10 رۆژ بۆ پێشكەشكردنی راپۆرت و پێشنیارەكان دیاریكرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ ١٤ ئایاری 2019  لە سلێمانی بەرێوەچوو و به‌ڕێزان وەزیرانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و بریکاری وەزیری شارەوانی وسەرۆکی شارەوانی سلێمانی و ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ئامادەیبوون، بڕیاردرا لیژنەی سەرپەرشتیاری جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ماوەی ١٠ رۆژی کاریدا لە راپۆرتێکدا پێشنیار و راسپاردەکانی خۆی سەبارەت بە چۆنیەتیی دەستپێکردنی پڕۆژەکە  پێشکەشی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بکات، بۆ ئەوەی بە زووترین کات بڕیار لە چۆنیەتی دەستپێکردنی بدرێت.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەو هات کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی به‌رێز قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم سەبارەت بە چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان، بڕیار درا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان