پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 14/4/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. عه‌بدوڵڵا ئهلمهعتووق سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكارى ده‌سته‌ى خێرخوازیى ئیسلامیى نێوده‌وڵه‌تى و شاندێكى یاوه‌رى كۆبووه‌وه.
له كۆبووه‌كه‌دا هه‌ردوولا دۆخى ئاواره و په‌نابه‌رانیان له هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد و تیشكیان خسته سه‌ر پێداویستییه‌كانیان و جه‌ختیان له پێویستیى هاوكاریكردنى زیاترى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن ده‌زگه و دامه‌زراوه خێرخوازییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، كرده‌وه.
به‌ڕێز ئهلمهعتووق باسى له دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ئاواره و په‌نابه‌ران كرد و دووپاتى كرده‌وه كه ده‌سته‌ى خێرخوازیى ئیسلامیى نێوده‌وڵه‌تى و ده‌وڵه‌تى كوێتیش كۆمه‌ك و هاوكارى پێشكه‌ش به ئاواره و په‌نابه‌ران ده‌كه‌ن و له نێوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشدا ده‌نگ و پێویستییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌یه‌وه ڕوون ده‌كاته‌وه.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسى هاوكارییه‌كانى ده‌سته و ده‌وڵه‌تى كوێتى كرد و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پێویستى به هاوكاریى كۆمه‌ڵگه‌ى نیوده‌وڵه‌تى و حكوومه‌تى عێراقیش هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى هاوكاریى ئاواره و په‌نابه‌ران بكه‌ن به‌تایبه‌تیش له‌ڕووى په‌روه‌رده و خوێندن و ته‌ندروستى و چاره‌سه‌ریى ده‌روونییه‌وه.
تاوتوێكردنى دۆخى مرۆییى مووسڵ و كێشه و گرفته‌كانى به‌رده‌م كاره خێرخوازییه‌كان له ناوچه‌كه، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.