حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 4 MAY 2024 08:24 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

لە ئەمەریكا، شاندی حكومەتی هەرێم داوا لە ویلایەتە یەكگرتوەكان دەكات تاوانەكانی دژ بە گەلی كوردستان بە جینۆساید بناسێت

THU, 12 SEP 2013 12:46 | KRG Cabinet

شاندى حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكی لە حكومەت و ئەنجومەنی سینات و كۆنگرێس و دامەزراوە هزریەكان و لێكۆلەران و ژمارەیەك لە كۆمپانیا بازرگانیەكان  لەم هەفتەیە ئەنجامدا بە مەبەستی گەیاندنی دوایین هەڵوێست و تێڕوانینی حكومەتی هەرێم لەسەر رەوشی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردن و بارودۆخی عیراق و ناوچەكە.

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بەیاوەری بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا و ستافی نوێنەراتی حكومەت لە ئەمەریكا لەگەڵ برێد ماكگێرك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران و عیراق و كێڵی كلێمینتس جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری پەنابەر و كۆچبەران كۆبوونەوە.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە دواین زانیاری لەبارەی هەڵبژاردنی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە بڕیار وایە لە بەهاری ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت خستەڕوو، لەگەڵ رەوشی پەنابەرانی سوریا كرد. شاندی حكومەتی هەرێم داوای لە حكومەتی ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە زیاتر هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ یارمەتیدانی ئەو ژمارە بێ شومارەی ئاوارەكانی سوریا كە لەترسی جەنگ و ئاڵۆزیە ناوخۆیەكانی سوریا روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئاماژەی بەوەدا كە تەنها لە مانگی ئابدا (50) هەزار پەنابەر روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە كە ئەمەش ژمارەیەكی چاوەڕوان نەكراو بوو، ئێستاش تێكڕای ژمارەی ئەو پەنابەرانە گەیشتۆتە (220) هەزار و ژمارەشیان لە زیادبووندایە و پاشان ووتی" ئێستا بەرەو وەرزی زستان دەچین پێویستیمان بە یارمەتی تەكنیكی و كارگێڕی و دارایی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی كەمپی ئاوارەكان و بۆ ئەوەی تەواوی خزمەتگوزاریەكان لەڕووی ئاسایش و تەندروستی و پەروەردەیان بۆ دابینبكرێت.

لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە سوریانە لە خۆ دەگرێت كە زۆرترین ژمارەیان دێنە هەرێمی كوردستان و ئێمە باوەرمان وایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان  پێویست دەكات لەو كۆنفڕانسە نێودەوڵەتیانە بەشداربێت كە تایبەتن بە گرفتی پەنابەرانی سوریا.

لەلایەكی تر، فەلاح مستەفا ووتی" ووڵاتانی تر هاوكاری زیاتریان لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشكەشكراوە كە پەنابەرانی سوریان لەخۆ گرتووە، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆرتریان لەخۆ گرتووەو وەك پێویست هاوكاری نەكراوە. هەروەها داوای كرد لە كۆبوونەوە و كۆنفڕانسەكانی داهاتوو لەبارەی پەنابەرانی سوریا بۆ نموونە (جنێڤ 2) تایبەت بە كۆمەڵە كوردی سوریا بەشداریان پێبكرێت و لەو پرسانەی تایبەتن بە دۆزی كورد گوێ لەراو بۆچوونیان بگیرێت .

بەڕێزان ماكگێرك و خاتوو كلێمنتس هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ پێشوازیكردنی پەنابەرانی سوریا بەرز نرخاند و ئاماژەشیان بەوەدا كە ویلایەتە یەكگرتووەكان هاوكاری وكۆمەكی زیاتریان پێشكەش دەكەن بە مەبەستی باشتركردنی بارودۆخی پەنابەرانی سوریا لە هەرێمی كوردستان.

هەروەها، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئاماژەی بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەساڵی (2014) كردوو و دووپاتیكردەوە كە ئەمە هەڵبژاردنێكی گرنگ دەبێت و جەختیشی كردەوە كە زۆر گرنگ دەبێت ئەگەر لە كاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت. لەلایەكی تر، بەڕێزیان داوای ئاڵوگۆری زیاتری نێوان دامەزراوە ئەمەریكانی وەك زانكۆ و پەیمانگا كولتووریەكان و دامەزراوە بازرگانی و ئابووریەكان بكرێت بەمەبەستی زیاتر بەرزكردنەوەی توانا مرۆییەكان و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ رێكخستن و كردنەوەی گەشتی راستەوخۆی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان كە دەبێتە هۆی زیاتر قوڵكردنەوەی بە ئەنجام گەیاندنی ئەم چاڵاكیانە.

بەڕێز ماكگێرك كە لە داهاتووێكی نزیكدا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات ووتی "ئێمە وەك دۆستێك پێویستە بە یەكەوە كار بكەین و ئێمە بەشێوەیەكی بەردەوام و لە نزیكەوە لەگەڵ ئێوە دەبین". ئەمەش لەكۆبوونەوەیەك ئاماژەی پێدا كە هەریەك لە ئەنتۆنی گۆتفێری بەرێوبەری نووسینگەی عیراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و ستاف و نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا. 

هەر لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا بۆ ئەمەریكا شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریكا – كوردستان كۆبوونەوە، لەم دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بارودۆخی سوریا و پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق و رۆڵی كۆمپانیاكانی ئەمەریكا لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان كرد .

لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ستافی بۆردی كاری ئەمریكی و كوردستانی، فەلاح مستەفا ووتی" هەرێمی كوردستان پێویستی بە توانا و شارەزایی ئەمەریكا هەیە بۆ هاوكاریكردن لە پەرەپێدانی ئابووری و بەرزكردنەوەی توانای دامەزراوە بازرگانیەكان بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێكی بەرزی بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی و نیشانیدا كۆمپانیا ئەمەریكایەكان دەتوانن هەرێمی كوردستان وەكو دەروازەیەك بۆ بەشەكانی دیكەی عیراق بەكاربهێنن و هەمیشەش لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە بە رێزەوە پێشوازیان لێ دەكرێت." 

هەر لەبەردەوامی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ ئەمەریكا ، شاندی حكومەت چاوی بە هەردوو سیناتۆر جیم ریچ و رۆی بلاند كەوت كە لەدیدارەكەدا هەردوو سیناتۆر رۆڵی هەرێمی كوردستانیان لەرووی سەقامگیری ناوچەكە بەرز نرخاند، سیناتۆر بڵاند ئاماژەی بە پێویستی پاڵپشتی هەرێمی كوردستان كردوو و كوردستانی بە بەشێكی سەقامگیری عیراق ناوبرد لەگەڵ ئەوەی رێز پێزانینی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان نیشاندا و شتایشی دەستكەوتە بە دەستهاتووەكانی هەرێمی كوردستانی كردوو لەگەڵ ئاماژەدان بۆ پێشكەشكردنی ئەو هاوكاری و كۆمەكانەی كە پێشكەشی ئاوارە سورییەكانی دەكەن بەرز نرخاند،  هەروەها هەردوو سیناتۆر دووپاتیان كردەوە ئەوان پاڵپشتی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ زیاتر سەرنجراكێشانی كۆمەڵەگەی نێودەوڵەتی بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكانی سوریا.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئاماژەی بەوەدا پەرلەمانی بەریتانیا و ژمارەیەك لە پەرلەمانەكانی دیكەی جیهان بەشێویەكی فەرمی تاوانەكانی دژ بە كوردیان بە جینۆساید ناساندووە كە تیایدا چەكی كیمیاوی بەكارهاتبوو داواشی لە هەردوو سیناتۆر كرد داوا لە كۆنگرێسی ئەمەریكا بكەن بڕیارێكی هاوشێوە دەربكات و لەبارەیەوە بەرێزیان ووتی" ئەمساڵ یادی (25) ساڵەی كەمپینی جینۆسایدی ئەنفال و هێرشە كیمیاویەكەی هەڵەبجە كرایەوە. ئێمە باوەڕمان وایە كە دوای ئەو هێرشانە، جیهان جارێكی تر ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە نادات. زۆربەداخەوە، چەكی كیمیاوی لە سوریا بەكار هاتووە كە ئەمەش پێویستی ناسینی جینۆسایدی كورد لە عێراق لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتردەكات."

هەروەها شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوپێكەوتنی ئەنجامدا لەگەڵ نوێنەرانی گەورە بیرمەندان لە واشنتۆن دی سی بە مەبەستی باسكردنی كێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامادەبوونی باڵیۆزی پیشووی ئەمریكا لە عیراق و جەیمس جێفری لە پەیمانگەی واشنتۆن و هەروەها باڵیۆز ویندی چامبەرلاین سەرۆكی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەراست و باڵیۆز میشێل پۆڵت لە پەیمانگەی مەككین و ئیریك براون لە پەیمانگای هوتسۆن و هەروەها جۆن هانا لە دامەزراوەی بەرگری دیموكراسی و ماری بێس لۆنگ لە مێد سەلوشن و رۆبێرت زاراتێ‌ لە دەستپێكی یاسا نێودەوڵەتیەكان و سكۆت بەیتس لە سەنتەری نیشتیمانی سیاسی ئامادەی بوون.  

كۆبوونەوەكە ئاماژەیەك بوو لەسەر چۆنیەتی سیاسەتی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێوەیەكی گشتی لەگەڵ رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە و پەیوەندیەكانی لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ‌ و بابەتەكانی سەبارەت بە ناساندنی جێنۆساید و پێداویستی پەیوەندی بەهێزی نێوان كوردستان و ئەمەریكا لەگەڵ ئاڵوگۆڕی زیاتری سەردانەكان پێشكەشكردنی بەرنامەكان لە نێوان كورد و ئەمەریكیەكان لە هەموو بوارەكاندا.

لەم بارەیەوە، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت دیدارێكی كورتی لەگەڵ جاكسۆن دیهڵی سەرنووسەری گۆشەی نووسەران لە ڕۆژنامەی واشتنۆن پۆست ئەنجام دا. هەروەها، لەرۆژی دووشەممە بەرێزیان چاوپێكەوتنێكی دوورو درێژی لەگەڵ بەشی وەبەرهێنانی فیلمی دۆكیومێنتەری لە (HBO) ئەنجام دا كە یەكێك دەبێت لە كەناڵە تیڤیەكانی ئەمریكا لە ساڵی داهاتوو.

لە ماوەی سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن بەرێز فەلاح مستەفا و خاتوو بەیان سامی عبدالرحمن چاوپێكەوتنێكیان لەگەڵ بەرێز نامیق تان باڵیۆزی توركیا لە ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەنجامدا كە لە كۆبوونەوەكەدا بەدرێژی باس لە رووداوەكانی سوریا و پەیوەندی بازرگانی پتەوی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لەگەڵ ئامادەكاریەكانی حكومەتی هەرێم  بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق كرا. بۆ ئەو مەبەستە، هەردوولا جەختیان لە پتەوكردنی پەیوەندیە دووقوڵیەكانی نێوان هەردوولا كردەوە. 

لەلایەكی تر شاندەكە چاوی بە بەڕێز ریچارد فۆنتاینی سەرۆكی سەنتەری نوێی ئاسایشی ئەمەریكی كەوت كە باسیان لە بارودۆخی سیاسی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و رووداوەكانی سووریا و پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرد. لەگەڵ ئەوەشدا شاندی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ لە چاوپێكەوتنەكانیان لەگەڵَ كۆنگرێسمان و میدیاكاران و كەسانی تر لە واشنتۆن بەردەوام دەبن.