حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 19 APR 2024 07:43 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

فەلاح مستەفا: نوێنەری حكومەتی هەرێم لە وڵاتی سوید دەستنیشان كرا

THU, 13 OCT 2011 12:56 | KRG Cabinet

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم و پاڵپشت بە رێنماییەكانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە لە دوای یەكەمین كۆنفرانسی نوێنەرایەتیەكانی حكومەت جەختی لەسەر كرایەوە بۆ دامەزراندن و گرێدانی پەیوەندیەكان لەگەڵ وڵاتانی بیانی لەسەر بنەمای دامەزراوەیی و دروست و بۆ دووبارە رێكخستنەوەی ئەرك و كاری نوێنەرایەتیەكان، نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی سوید جارێكی دیكە بەفەرمی كرایەوە.

لەم بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ سایتی حكومەتی هەرێم فەلاح مستەفا گووتی: لەبەردەوامی سیاسەتی كرانەوە بەڕووی جیهان و دروستكردنی پەیوەندی دۆستانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دوولایەنەو هاوبەش، حكومەتی هەرێم نوێنەری تازەی خۆی لە وڵاتی سوید دەستنیشان كرد.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمانی ژمارە 2557 لە بەرواری 13/10/2011 بە ئیمزای بەڕێز د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە دامەزراندنی بەڕێز هێرش خولە عزیز فرحان وەك نوێنەری حكومەتی هەرێم لە وڵاتی سوید لەسەر میلاكی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە/ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە مووچەو دەرماڵەی شایستە.

لە درێژەی لێدوانەكەیدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە بەڕێز هێرش خولە عزیز، هیوای خواست بەڕێزیان لەئاست ئەو متمانەیە بێت كە حكومەتی هەرێم پێیداوە ئەویش بۆ بەهێزكردنی زیاتری پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی سوید و بایەخدان و خزمەت گەیاندن بە رەوەندی كوردستانی و گەیاندنی پەیامی حكومەت بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان وەبەرهێنەر و كۆمپانیاو زانكۆ و ناوەندە رۆشنبیری و كەلتوریەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

هاوكات بەڕێزیان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بەو پەرەسەندنانەی لە رێی بەدامەزراوەیی كردنی پەیوەندیەكانی دەرەوە دێنە ئارا ئەویش لەژێر رێنماییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە دەخوازێت پەیوەندیەكان لەسەر بنەمایەكی دروست و بە شێوازی دامەزراوەیی بونیات بنرێن.